دوای دیداری ترەمپ و پوتن؛ سەرکردە ئەوروپییەکان چی دەڵێن؟
راهۆز
١٦ی ئابی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ شەممە، ژمارەیەک لە سەرکردەی باڵای ئەوروپا، لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا جەختیان لە بەردەوامیی پشتیوانییەکانیان بۆ ئۆکراین و فشارخستنە سەر روسیا کردەوە. ئەم هەڵوێستە دوای کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا لە ئەلاسکا دێت.
راگەیەندراوە هاوبەشەکە لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، جۆرجیا میلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا، کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپاوە دەرچووە، دوای ئەوەی ترەمپ لە ئەنجامی گفتوگۆکانی لەگەڵ پوتن ئاگاداری کردوونەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، سەرکردە ئەوروپییەکان رایانگەیاندوە: "پێشوازی لە هەوڵەکانی ترەمپ دەکەین بۆ وەستاندنی خوێنڕشتن لە ئۆکراین و کۆتاییهێنان بە جەنگی روسیا و گەیشتن بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام."
هەروەها هاتووە: "هەنگاوی داهاتوو دەبێت ئێستا ئەنجامدانی گفتوگۆی زیاتر بێت بە بەشداریی زێلێنسکی، هەروەک چۆن ترەمپ پێشبینی کردووە."
سەرکردەکان ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ کارکردن لەگەڵ ترەمپ و زێلێنسکی بۆ ئەنجامدانی لوتکەیەکی سێقۆڵی بە پشتیوانیی ئەوروپا، جەختیشیان لە پێویستیی پێدانی زەمانەتی ئەمنیی بەهێز بە ئۆکراین کردەوە بۆ بەرگریکردن لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکەکەی.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "نابێت هیچ کۆت و بەندێک لەسەر هێزە چەکدارەکانی ئۆکراین یان لەسەر هاوکارییەکانی لەگەڵ وڵاتانی سێیەمدا هەبێت،" و رایانگەیاندووە کە روسیا ناتوانێت دژایەتیی هەوڵەکانی ئۆکراین بکات بۆ چوونە ناو یەکێتیی ئەوروپا و هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ).
لە کۆتاییدا سەرکردە ئەوروپییەکان دووپاتیانکردەوە: "نابێت سنوورە نێودەوڵەتییەکان بە زۆر بگۆڕدرێن و مۆسکۆ ناتوانێت مافی ڤیتۆی هەبێت لەسەر پرۆسەی چوونەپاڵی ئۆکراین بۆ یەکێتیی ئەوروپا یان ناتۆ."