ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا رایگەیاند، مۆسکۆ خوازیارە لە زووترین کاتدا شەڕ لە ئۆکراین بوەستێنرێت.

پوتن لە وتەیەکدا دوای گفتوگۆکانی لەگەڵ ترەمپ، رایگەیاند: "دەخوازم ئاماژە بەوە بکەم کە سەردانەکە بۆ ئەلاسکا لە کاتێکی گونجاودا بووە و زۆر بەسوود بووە."

سەرۆکی روسیا دووپاتیکردەوە کە لەگەڵ ترەمپ هۆکارەکانی قەیرانی ئۆکراینیان تاوتوێ کردووە و وتی: "فرسەتمان هەبوو، کە بەکردەوەش کردمان، قسە لەسەر رەگ و ریشەی ئەم قەیرانە و هۆکارەکانی بکەین." جەختیشی کردەوە کە "نەهێشتنی ئەم هۆکارە ریشەییانە، دەبێت بنەمای چارەسەر پێکبهێنێت."

پوتن ئاماژەی بەوەشکرد، "روسیا رێز لە هەڵوێستی ئیدارەی ئەمریکا دەگرێت، کە پێی وایە پێویستە شەڕ بەخێرایی کۆتاییان پێبێت، ئێمەش خوازیاری هەمان شتین و دەمانەوێت لە رێگەی ئاشتییانەوە هەموو کێشەکان چارەسەر بکەین."

لە کۆتاییدا پوتن وتی: "لە ئەلاسکا دەرفەتێک هەبوو بۆ خستنەڕووی هەڵوێستی روسیا بە هێمنی و بە وردی، گفتوگۆمان لەبارەی رێگاکانی چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکراین لەسەر بنەمایەکی دادپەروەرانە کرد."

پوتین و ترەمپ لە بنکەی سەربازیی 'ئێلمندۆرف-ڕیچاردسۆن' لە شاری ئانکۆرەیجی ویلایەتی ئەلاسکا کۆبوونەوە، کە دوو کاتژمێر و45 خولەکی خایاند.

لە کۆبوونەوەکەدا سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا و یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی روسیا ئامادەبوون. لەلایەنی ئەمریکیشەوە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە و ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بەشداربوون.