ئێران دەربارەی دواخستنی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
رەوەز
١ی ئایاری ٢٠٢٥
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ رۆژنامەنوسان، رایگەیاند کە گۆڕانکاری لە کاتی بەڕێوەچوونی خولی داهاتووی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کراوە، کە بڕیار بوو رۆژی شەممە، 3ـی ئایار لە شاری رۆما بەڕێوە بچێت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، بە ئاماژەدان بە لێدوانی وەزیری دەرەوەی عومان کە رایگەیاندبوو دانوستانەکان دواخراوە، رونی کردەوە کە دواخستنی دانوستانەکان بە پێشنیازی وەزیری دەرەوەی عومان بووە و سەبارەت بە بەرواری پێشبینیکراوی داهاتوو، دواتر زانیاری بڵاودەکرێتەوە.
ئیسماعیل بەقایی، دوپاتیکردەوە، "ئێران لە سەرەتای دەستپێکردنی دانوستانەکانەوە بە نیازپاکی، لەسەر بنەمای هەڵوێستی بنەڕەتی وڵاتەکەمان بەپێی یاسای نێودەوڵەتی لە بواری بەکارهێنانی ئاشتیخوازانەی وزەی ناوەکی و کۆتاییهێنان بە سزا نایاساییەکان مامەڵەی کردووە و جددیەتی خۆی بۆ دانوستانێکی ئەنجامدار بە مەبەستی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی دادپەروەرانە، عاقڵانە و بەردەوام نیشانداوە و لەم ڕێگایەدا بە توانا و هێزەوە چەسپاو دەمێنێتەوە".
ئەم لێدوانەی بەقایی لە پاش لێدوانی وەزیری دەرەوەی عومان دێت کە رایگەیاند: بە هۆکاری لۆجیستی و لەلایەن عومانەوە دانوستانەکان دواخران بۆ هەفتەی ئایندە.