هەولێر... لە رۆژی جیهانی کرێکاراندا کرێکارێک لەسەر کار گیانی لەدەستدا
رەوەز
١ی ئایاری ٢٠٢٥
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ کرێکارێک بەناوی "رابەر موزەفەر" لە بنەسڵاوەی هەولێر، لە رۆژی جیهانی کرێکاراندا بەهۆی روخانی دیوارێکەوە بەسەریدا گیانی لەدەستدا.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز، رابەر موزەفەر لەکاتی کارکردندا لە پرۆژەیەکی بیناسازی لە ناوچەی بنەسڵاوە، دیوارێک بەسەریدا رووخاوە و بووەتە هۆی کۆتایی هاتن بە ژیانی.
شایەنی باسە ئەمڕۆ 1ـی ئایار، رۆژی جیهانیی کرێکارانە و لە کاتێکدا ئەم کارەساتە روویداوە کە رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی کرێکاران داوای چاککردنی هەلومەرجی کاری کرێکاران و دابینکردنی سەلامەتی پیشەیی دەکەن.