یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، پشتبەستوو بە زانیاری ھەواڵگری و بەسەرپەرشتی و رێنمایی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان، ھێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە راوەدونانی پاشماوەکانی داعش و گروپە چەکدارە نایاساییەکان لە عێراقدا.
رونیشیکردەوە، ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بە توندی کاردانەوەیان لەبەرامبەر ھێرش و پەلاماری گروپە چەکدارەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکان دەبێت.
وتیشی، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکانیان بەردەوام دەبێت بەمەبەستی ئاشکراکردنی ئەو گروپانەی بنکە سەربازییەکانی عێراق دەکەنە ئامانج.
سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاشکرایکردوە، دوای ئەوەی پۆستەرێک لەبەردەم مەزارگەی ئەبو حەنیفە نوعمان لە ناوچەی ئەعزەمیەی بەغداد ھەڵواسراوە کە وێنەی رابەرانی ئێران رۆحەڵا خومێنی و عەلی خامنەیی و قاسم سولەیمانی و ئەبو مەھدی موھەندیسی لەسەر بوە، مستەفا کازمی فەرمانی کردوە ئەو پۆستەرە لاببرێت، لەدوای فەرمانەکەی کازمیش دەستبەجێ ئەو پۆستەرە لێکراوەتەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، ئاشکرا نیە کێ ئەو پۆستەرەی لەو ناوچەیەدا داناوە کە زۆرینەیان سوننەن .
وەزارەتی پەروەردەی عێراق سەبارەت بە تاقیکردنەوەی قۆناغەکانی خوێندن رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریداوە، تاقیکردنەوەی ھەموو قۆناغەکانی خوێندن لە عێراق بە شێوازی ئامادەبون لە ناو پۆل ئەنجام دەدرێن، نەک بە شێوەی ئۆنلاین.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، لە ئێستادا وەزارەتی پەروەردە ھیچ پلانێکی نییە بۆ ھەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەی خوێندکاران بەشێوەی ئۆنلاین.
وەزارەتی تەندروستی عێراق، لە ڕاگەیاندراوێکدا، بڵاویکردەوە، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی ڕابردوودا ٦ ھەزار و ٢٣٣ کەسی تر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ٣٣ کەسی تریش بەھۆی ڤایرۆسەکە، گیانیان لە دەستداوە و ٧ ھەزار و ٩٣ تووشبووش چاکبوونەتەوە.
بە پێی ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی عێراق، لە سەرەتای سەرھەڵدانی تا ئێستا، ملیۆنێک و ٩٨ ھەزار و ١٨٧ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ٩٨٦ ھەزار و ١٣٤ کەسیش چاکبوونەتەوە و ١٥ ھەزار و ٦٧٣ تووشبووش بەھۆی ڤایرۆسەکە، گیانیان لە دەستداوە.
ئاژانسی سانای ڕەسمی حکومەتی سوریا بڵاویکردەوە، بەشار ئەسەد لە دیمەشق چاوی کەوتووە بە "فالح فەیاز" سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، کە فەیاز نامەیەکی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێشکەشی ئەسەد کردووە.
ئاماژەی بەوەکرد، نامەکە تایبەت بووە بە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی بەغداد و دیمەشق و پتەوکردنی پەیوەندییە سیاسی و ئەمنییەکانیان، بە تایبەت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و لەناوبردنی مۆڵگە تیرۆرستییەکان لە سنوورەکانی نێوانیان.
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، کار لەسەر گەڕاندنەوەی پارە بلۆککراوەکانی ڕژێمی بەعس لە ئیتاڵیا دەکەن، کە بە زیاتر لە ٦٠٠ ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێنرێت.
پێشتریش "سەفیە سوھەیل" باڵیۆزی عێراق لە ڕۆما ئاشکرایکرد، عێراق بە ڕەسمی داوای لە حکومەتی ئیتاڵیا کردووە، پارە بلۆککراوەکانی عێراق لە بانکەکانی ئەو وڵاتە ئازاد بکات و وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیاش دڵنیاییداوە لە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە.
(قاسم عەرەجی) ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەدمیڕاڵ (یواکیم ڕۆڵ) سەرۆک ئەرکانی ھێزەکانی ناتۆ ڕایگەیاند، بەغداد نایەوێت ھیچ ھێزێکی بیانی شەڕکەر لەسەر خاکەکەی بمێننەوە و تەنھا وەک ئەرکی ڕاوێژکاری پێویستی بەو ھێزانەیە.
(ئەعرەجی) ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کشانەوەی ھێزە بیانییەکان یارمەتیدەر دەبێت بۆ پاراستنی سەقامگیری عێراق. وتیشی، ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی پلانی نییە بۆ زیادکردنی ھێزەکانیان لە عێراق.
ڕاوێژکاری بازرگانی باڵیۆزخانەی چین لە بەغداد ڕایگەیاند، حکومەتی چین لەگەڵ حکومەت و بانکی ناوەندی عێراق، لە نزیکەوە کار بۆ بەگەڕخستنەوە ڕێککەوتنەکەی نێوانیان دەکەن، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، سەرەڕای لێکەوتە نەرێنییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، چین گەورەترین کڕیاری نەوتی عێراقە.
ئاشکراشیکرد، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ساڵانەی نێوان (چین و عێراق) گەیشتووەتە ٣٠ ملیار دۆلار، بەم نزیکانەش (چین) بەشداری دەکات لە بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری عێراق لە کەرتی (کارەبا و ئاو و پەروەردە و پەیوەندییەکان)دا.
سێ مووشەک ئاڕاستەی بنکەی "بەلەد" لە پارێزگای "سەڵاحەدین" کران، "پنتاگۆن"یش دەڵێت ھێرشەکە ھیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، ٣ مووشەک لە جۆری کاتیۆشا ئاڕاستەی بنکەی ئاسمانی "بەلەد" کراون کە ژمارەیەک ئەمریکی تێدا جێگیرکراوە، ئەوەش دووەمین ھێرشە بۆ سەر ئەو بنکەیە لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ سەعاتدا.
"جۆن کێربی" وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکاش ڕایگەیاند، ئاگاداری ئەو ھێرشە مووشەکییەن بەڵام ھیچ قوربانییەکانی لە نێو ئەمریکییەکان لێنەکەوتووەتەوە.
جەختیشی کردەوە لەوەی ئەرکی ئەمریکییەکان لە عێراق ھاوکاریکردنی ھێزە ئەمنییەکان و بەردەوامیدانە بە جەنگ لە دژی تیرۆریستانی داعش.

"عەلی عومەر" یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا بۆ کاروباری کۆچبەران بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، گەڕانەوەی ١٠٠ خێزانی کەسوکاری تیرۆرستانی داعش لە کەمپی ھۆل بۆ کەمپی جەدعە لە سنوری پارێزگای نەینەوا، ناڕەزایی کەسوکاری قوربانیانی دەستی تیرۆرستانی لێکەوتەوە، پارێزگاری نەینەواش حکومەتی ناوەندی ئاگادار کردووەتەوە و لە ئێستادا پڕۆسەکە ڕاگیراوە.
"عەلی عومەر" وتیشی نزیکەی ٢٥ ھەزار عێراقی لە کەسوکاری داعش لە کەمپی "ھۆل" نیشتەجێن، زۆربەیان خەڵکی "ئەنبار و سەڵاحەدین"ن، بەشێکی کەمیان خەڵکی "نەینەوا"ن.
وەزارەتی پەروەردەی عێراق ڕایگەیاند: وەزارەتی تەندروستی پێشنیاری کردووە، تەواوی ستافی پەروەردە بە خوێندکار و مامۆستا و فەرمانبەرانەوە ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن، بەڵام ئەوان پلانی نییە خوێندکار و مامۆستا و فەرمانبەران ناچار بکەن بۆ وەرگرتنی ڤاکسینەکە، لە کاتێکدا خوێندنگەکان لە رووی خۆپارێزییەوە کۆنترۆڵکراون.
لیژنەی ڕووبەروبوونەوەی قەیرانەکانیش لە ئەنجوومەنی نوێنەران رایگەیاند: تێچووی چارەسەری توشبووانی کۆرۆنا لە سەرحکومەت زیاترە لە (١٥٠) دۆلار، بۆیە حکومەت لە ڕووی داراییەوە ناتوانێت بەسەر شەپۆلی سێھەمی کۆرۆنادا زاڵ بێت.