وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، ئایشەگوڵ دۆغان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێکهێنانی "کۆمیسیۆنی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی دیموکراسی" لە پەرلەمانی تورکیا، وەرچەرخانێکی مێژوویی و گرنگە و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد بە جددی مامەڵەی لەگەڵدا بکەن و بەرپرسیارێتی هەڵبگرن.
ئایشەگوڵ دۆغان ئاماژەی بەوەدا کە کۆمیسیۆنەکە بە تەنها ناتوانێت هەموو کێشەکان چارەسەر بکات، بەڵام دەستپێکردنی کارەکانی هەنگاوێکی گرنگە و دەبێتە دەروازەیەک بۆ بنیاتنانی تورکیایەکی دیموکراتیک و دادپەروەر کە لەسەر بنەمای هاووڵاتی یەکسان دامەزرابێت.
پێشنیازی پڕکردنەوەی کورسییەکانی "ئیی پارتی"
وتەبێژی دەم پارتی ئاشکرایکرد، دوای ئەوەی "ئیی پارتی" بڕیاریدا بەشداری لە کۆمیسیۆنەکەدا نەکات، ئەوان پێشنیازیان کردووە ئەو سێ کورسییە بەتاڵە بەسەر پارتەکانی تردا دابەش بکرێت. دۆغان وتی: "پێشتر داوامان لە ئیی پارتی کرد ئەگەر رەخنە و تێبینییان هەیە، بێنە ناو کۆمیسیۆنەکەوە و لەوێ دەریببڕن، بەڵام ئەوان رەتیانکردەوە."
وتیشی، "ئەگەر کۆمیسیۆن پێشنیازەکەمان قبووڵ بکات، ئێمە وەک دەم پارتی، جەلال فرات، پەرلەمانتاری ئیستەنبوڵ و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی دەزگای غەریب دەدە، وەک نوێنەری خۆمان پێشنیاز دەکەین، چونکە بەلای ئێمەوە گرنگە نوێنەرایەتی عەلەوییەکانیش لەم کۆمیسیۆنەدا هەبێت."
"توندوتیژی دژی ژنان و گەندەڵی نیشانەی داڕزانی ئەخلاقین"
دۆغان بە توندی رەخنەی لە زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنان گرت و ئاماژەی بە کوژرانی کارمەندێکی پەرلەمان بەناوی ساڵحە ئۆزان کرد و وتی: "ئەگەر پەرلەمان نەتوانێت کارمەندێکی خۆی بپارێزێت، چۆن ژنانی تر دەپارێزێت؟" و داوای کرد جارێکی دیکە تورکیا بگەڕێتەوە بۆ پەیماننامەی ئەستەنبوڵ.
هەروەها باسی لە ئابڕووچوونی بەڵگەنامە و دیپلۆمی ساختە کرد و وتی: "وڵات لە رووی ئەخلاقییەوە داڕزاوە. ئەم تۆڕە گەورەیەی تاوان بێگومان پەیوەندیی سیاسیی لەپشتە و دەبێت ئاشکرا بکرێت. ئێمە وەک دەم پارتی بەدواداچوونی بۆ دەکەین."
وتەبێژی دەم پارتی رەخنەشی لە مامەڵەی دەسەڵات لەگەڵ زیندانیانی نەخۆش و ئەو زیندانیانە گرت کە سزاکانیان تەواو کردووە بەڵام ئازاد ناکرێن و بە "درێژەدان بە سیاسەتی ئەشکەنجە و زوڵم" ناویبرد.
"ئامانجی کۆمیسیۆنەکە بنیاتنانی برایەتییەکی یەکسانە"
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە داواکارییەکانیان لە کۆمیسیۆنەکە، ئایشەگوڵ دۆغان جەختی کردەوە: "ئێمە چاوەڕوانییەکی تایبەتمان لە کۆمیسیۆنەکە نییە، بەڵکو چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگەی تێدا دەبینینەوە. کۆمەڵگە پێویستی بە ئازادی، دیموکراسی و برایەتییەکی یەکسان هەیە و دەبێت کۆمیسیۆنەکە کار بۆ دەرکردنی ئەو یاسایانە بکات کە ئەمە مسۆگەر دەکەن. دیموکراسیی خۆجێی بۆ تورکیا زۆر گرنگە و دەبێت بەهێز بکرێت."
وتیشی، "کۆمیسیۆنەکە لە وەرچەرخانێکی مێژووییدا دامەزراوە و هەموو لایەنەکان، لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، دەبێت عەقڵییەتی کۆن بەجێبهێڵن و بوێرانە کار بۆ سەرخستنی بکەن."
بەهۆی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیلەوە بۆ سەر چەند ناوچەیەکی جیاوازی کەرتی غەززە زیاتر لە 30 کەس کوژراون و رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ دەلێت سەدان قوتابخانە لە غەززە بە ئامانج گیراون.
وەزارەتی تەندروستی غەززە رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ هێرشیکردەوەتە سەر ژمارەیەک یەکەی نیشتەجێبوون و خێوەتگەی پەنابەران لەناوچەکانی خان یونس و چەند ناوچەیەکی دیکە کە بەهۆیەوە 35 کەس کوژراون و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون.
رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ رایگەیاندووە، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی غەززەوە تائێستا سوپای ئیسرائیل 500 قوتابخانەی بۆردومان کردوە، کە خەڵکی ئاوارەی غەززەی تێدانیشتەجێبوون بەهۆیەوە سەدان هاوڵاتی مەدەنی کوژراون، رێکخراوەکە ئەو هێرشانەی ئیسرائیلی بۆ سەر قوتابخانەکان و کوشتنی هاووڵاتی مەدەنی بەنایاسای وەسفکردوە.
بەرەێوەبەری کۆمەڵگەی تەندروستی شیفا لە غەززە ئاشکرایکرد، بەهۆی هێرشکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە 70٪ی ژێرخانی تەندروستی لەکارکەوتوون، تەنها دوو نەخۆشخانەی منداڵان کاردەکەن و توانی کارکردنیشیان سنوردارە.
لە کاتێکدا حکومەتی لوبنان ئامادەکاری دەکات بۆ تاوتوێکردنی پلانێکی ئەمریکی بۆ چەکداماڵینی حزبوڵڵا، وەزیرەکانی سەر بە حزبوڵڵا و بزووتنەوەی ئەمەل لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران کشانەوە، ئەمەش گرژییەکانی نێوخۆی وڵاتەکەی زیاتر کردووە.
حکومەتی لوبنان رایگەیاند، تاوتوێی پلانێکی چوار قۆناغی ئەمریکا دەکات کە ئامانج لێی چەکداماڵینی حزبوڵڵایە تا کۆتایی ئەمساڵ.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەپێی پلانە ئەمریکییەکە، لە بەرامبەر چەکداماڵینی حزبوڵڵادا، ئیسرائیل کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە لوبنان دەهێنێت و لە پێنج پێگەی باشووری وڵاتەکە دەکشێتەوە.
رۆیتەرز ئاشکرای کردووە، قۆناغی کۆتایی پلانەکەی ئەمریکا، پشتیوانیکردنی ئابووری و پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی لوبنان لەخۆدەگرێت.
لەکاردانەوەیەکدا، حزبوڵڵای لوبنانی پەیامێکی ئاراستەی نەواف سەلام، سەرۆک وەزیرانی لوبنان کردووە و رایگەیاندووە: "هەوڵەکان بۆ چەکداماڵینمان، خزمەتکردنی ئیسرائیلە." ئەمەش ئاماژەیە بۆ رەتکردنەوەی تەواوەتی ئەو پلانە لەلایەن حزبوڵڵاوە.
ئافرەتێک لە ئێران زیاتر لە 35 جار هاوسەرگیری کردوە وەک خۆی دەلێت زیاتر لە 10 هاوسەری پیشوتری کوشتووە.
میدیاکانی ئێران رایانگەیاند، ئافرەتێک بەناوی کەلسوم ئەگبەری لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا پاش داننان بەتاوانەکەیدا ئاشکرایکردوە 11 هاوسەری پێشووی بە بەکارهێنانی ژەهر و کەرەستە کوشتووە.
لێکۆڵینەوەکان ئاشکرایانکردوە، ئەو ئافرەتە ئێرانیە هاوسەرگیری لەگەڵ کەسە بەتەمەنەکان و پەککەوتەکان ئەنجامداوە و دواتریش ژەهرخواردیکردون و یاخود بەبەکارهێنانی کەرەستە کوشتونی.
میدیاکانی ئێران ئاماژەیان بەوەکردوە، کەلسوم ئەکبەری 19 جار هاوسەرگیری هەمیشەی ئەنجامداوە و 18 جاریش هاوسەرگیری کاتی ئەنجامداوە.
بەپێی دانپیانانەکانی ئەو ئافرەتە، جگە لە کوشتنی ئەو 11 هاوسەرەی هەوڵی کوشتنی چەند هاوسەرێکی دیکەی ئەنجامداوە بەڵام شکستیهێناوە.
لە ئێستادا کەیسی کەلسوم ئەکبەری، رەوانەی دادگای دووەمی شۆڕش کراوە لە شاری ساری باکوری ئێران و بەتۆمەتی کوشتن مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و بەشێک لە کەسوکاری قوربانیان داوەی لە سێدارەدانی ئەو تاوانبارەیانکردوە.
دوای ئەوەی حکومەتی لوبنان رایگەیاند، دەبێت حزبوڵا چەک دابنێت، کاردانەوەی توندی ئەو حزبەی بەدوایخۆیدا هێنا و لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت، مامەڵە لەگەڵ چەکداماڵین دەکەین وەک ئەوەی بوونی نەبێت.
حزبوڵا لەبارەی چەکداماڵینی، حکومەتی لوبنان تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، دەسەڵاتدارانی نوێی بەیروت هەڵەیەکی گەورە دەکەن، دەشڵێت ئامادەن دانوستانێکی ستراتیژی بکەن لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکە.
هاوکات ئێوارەی دوێنێ، عادل نەسار وەزیری دادی لوبنان جەختی لە گرنگی سنووردارکردنی هەڵگرتنی چەک بۆ دەوڵەتی لوبنان کردەوە و ئاماژەی بەوەدا، " وڵاتەکەی بەهۆی چەکەوە راکێشراوە بۆ ناو چەندین شەڕ".
حزبوڵڵا یان بەرخۆدانی ئیسلامی لە لوبنان، پارتێکی سیاسی ئیسلامی شیعەیە و بنکەکەی لە لوبنانە، لە ساڵی 1982 دامەزراوە و لە دژی ئەمریکا و ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەجەنگێت.
پەتایەكی ڤایرۆسیی لەناو ئاژەڵانی توركیا و باكوری كوردستاندا بڵاوبووەتەوە و مەترسی لەسەر ژیانی هەزاران ئاژەڵ دروست كردووە، لە كەركوك و چەند ناوچەیەكی دیكەی عیراقیش رێكارەكان بۆ رێگریكردن لە گەیشتنی پەتاكە بە ئاژەڵان گیراونەتە بەر.
پەتایەكی ڤایرۆسی بەناو ئاژەڵانی چەندین شاری توركیا و باكوری كوردستاندا بڵاوبووەتەوە و ئاژەڵەكان برین لە ناو دەم و چەند ناوچەیەكی هەستیاری جەستەیان دروست بووە.
پەتاكە ئاژەڵانی هەریەك لە پارێزگاكانی قەرس و ئەردێخان و ئارتڤینی گرتووەتەوە، ئاژەڵداران باس لەوە دەكەن، ئەگەر برینەكان بگات بە زمانی ئاژەڵەكان، ئەوا مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەكات.
لە ئێستادا تیمە پزیشكییەكان سەرقاڵی پێدانی چارەسەرن بە ئاژەڵەكان و ئاماژەیان بەوەكردووە، لە 60 گونددا نەخۆشییەكە بە تەواوی بڵاوبووەتەوە، سروشتی ئەم پەتا ڤایرۆسییەش بە جۆرێكە، مەترسی زیاتر لەسەر ئاژەڵە ساواكان دروست دەكات بەراورد بە ئاژەڵە بەتەمەنەكان.
ئاژەڵدارانیش دەڵێن، پێویستیان بە گرتنەبەری رێكاری توندتر و چارەسەری زیاتری ئاژەڵەكانیانە، ئەو چارەسەرانەی ئێستا پێیان دەدرێت بەپێی پێویست كاریگەر نین.
لەلایەكی دیكەوە، لە كەركوك و چەند شارێكی دیكەی عیراق رێكارە تەندروستییەكان گیراونەتەبەر بۆئەوەی رێگری بكرێت لە گەیشتنی پەتاكە بە ئاژەڵانی عیراق.
وەرگەڕانی بارهەڵگرێكی هەڵگری یارمەتی لە غەززە كوژرانی 20 كەس لێكەوتەوە، ترەمپیش دەڵێت بڕیاری ئیسرائیل بۆ داگیركردنی تەواوی غەززە پەیوەستە بەخۆیانەوە.
بەپێی زانیارییەكانی نووسینگەی راگەیاندنی حكوومەتی لە كەرتی غەززە، درەنگانی شەوی سێشەممە، بارهەڵگرێكی هەڵگری یارمەتی خۆراكیی لە غەززە وەرگەڕا و لانیكەم 20 فەلەستینی گیانیان لەدەستدا و دەیان كەسی دیكەش برینداربوون.
سەرچاوەكان ئاماژەیان بەوەشكردووە، رووداوەكە لە كاتێكدا بووە دانیشتووانی ناوچەكە هەوڵیانداوە بگەنە بارهەڵگرێكی فریاگوزاری كە لەسەر رێگایەكی قیرتاو نەكراو هاتووچۆی كردووە، بەو هۆیەشەوە لەناو قەرەباڵغی خەڵكی مەدەنیدا وەرگەڕاوە.
لایخۆشییەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە كۆشكی سپی سەبارەت بە بڕیارێكی حكومەتی ئیسرائیل بۆ داگیركردنی تەواوەتی غەززە رەتیكردەوە بڵێت پاڵپشتی یان دژایەتی دەكات و رایگەیاند، ئەو بڕیارە پەیوەستە بە ئەوانەوە، ئەو تەنها گرنگی دەدات بە گەیشتنی خۆراك بە دەستی خەڵکی غەززە.
سەدان رۆژنامەنوس داوادەکەن رێگەیان پێبدرێت بۆ کارکردن بڕۆنە ناو کەرتی غەززە و ناوەندێکی رۆژنامەنوسانیش ئاماری پێشێلکاریەکان بۆ سەر رۆژنامەنوسان لە کەرتی غەززە بڵاوکردەوە.
زایاتر لە 600 رۆژنامەنوس و پەیامنێر لە سەرانسەری جیهانەوە داوادەکەن بۆ روماڵکردنی رەوشی کەرتی غەززە رێگەیان پێبدرێت دەستبەجێ و بەبێ هیچ بەربەستێک برۆنە ناو کەرتەکە لەمیانەی هەڵمەتێک لەژێر ناونیشانی ئازادی روماڵکرد.
بەشێک لەو رۆژنامەنوسانە لە میدیا جیهانیەکانی وەک سی ئێن ئێنی ئەمریکی و سکای نیوز و زە گاردیانی بەریتانی رێکخەری ئەو هەڵمەتەن بۆ رێگە پێدانیان لە کارکردن لە کەرتی غەززە.
ناوەندی مەدا بۆ پەرەپێدان و ئازادی رۆژنامەوانی لە فەلەستین رایگەیاند، لە مانگی رابردوودا سوپای ئیسرائیل 62 پێشێلکاری بەرانبەر بە رۆژنامەنوسان ئەنجامداوە بەهۆیەوە 9 رۆژنامەنوس کوژراون و 10ی دیکەش برینداربوون، هەروەها لە کاتی روماڵکردنەکاندا 7 پەیامنێر دەستگیرکراون و رێگریش لە 18پەیامنێرکراوە.
لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا لە کەرتی غەززە بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی سوپای ئیسرائیلەوە زیاتر لە 80 کەس کوژراون و نزیکەی 10کەسیش بەهۆی برسێتیەوە گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندروستی غەززە رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیلەوە بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەززە لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 87 کەس کوژراون کە 53 کەسیان لە کاتی وەرگرتنی هاوکارییە مرۆییەکاندا کوژراون.
راشیگەیاند، 8 کەس بەهۆی برسێتییەوە گیانیان لە دەستداوە کە یەکێکیان منداڵە و کۆی گشتی ئەو کەسانەی بەهۆی برسێتیەوە گیانیان لەدەستداوە گەشتوەتە 188 کەس.
ئاماژەی بەوەشکردوە، رۆژانە لانیکەم 200 حاڵەتی بەدخۆراکی روو لە نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە دەکەن.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە میانەی سەردانێكیدا بۆ ناوچەیەکی ئەمنی لە کەرتی غەززە ئامانجەکانی جەنگی غەززە ئاشکرادەکات پاش ئەو دەنگۆیانەی کە باس لەوە دەکات سەرۆک ئەرکانی سوپا دژی فراونکردنی جەنگی غەززەیە.
یسرائیل کاتز وەزیری بەرگی ئیسرائیل لە سەردانێکیدا بۆلای سەربازانی وڵاتەکەی لە ناوچەیەکی ئەمنی لە کەرتی غەززە رایگەیاند، ئامانجەکانی جەنگی غەززە سنوردارکردنی بزوتنەوەی حەماس لە رووی سەربازییەوە و رەخساندنی هەلومەرجی گونجاو بۆ رزگارکردنی بارمتە ئیسرائیلیەکانی ژێردەستی حەماس لە غەززە.
راشیگەیاند، سوپای ئیسرائیل لەو ناوچانەدا کە دەستیبەسەردا گرتووە بەشێوەیەکی هەمیشەی دەمێنێتەوە بۆ نەهێشتنی هەر هەڕەشەیەک لە داهاتودا بۆ سەر ئیسرائیل هەروەها رێگریکردن لە هاتنی چەک بۆ کەرتی غەززە بەرێگەی قاچاخ.
ئەوەش لەکاتێکدایە، میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردوەتەوە، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل دژی فراوانکردن و داگیرکاری تەواوەتی کەرتی غەززە بەهۆی دروست بوونی مەترسی بۆ سەر ژیانی بارمتە ئیسرائیلیەکان و کوژرانی سەربازی سەبازی زیاتر.
دیلان چتاک، گۆرانیبێژی ناسراو و کچی ئیبراهیم تاتڵیساس، دوای ئەوەی لە بۆدروم بەهۆی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەکەی بەسەر پۆلیسدا دەستگیرکرا و دواتر بە مەرجی چاودێریی دادوەری ئازادکرا، پەیامێکی کاریگەری بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "نەمتوانی خۆم رابگرم، گریام".
دیلان چتاک، کچی گۆرانیبێژی بەناوبانگی تورکیا ئیبراهیم تاتڵیساس، کە لە شاری بۆدروم بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە لەگەڵ پۆلیسدا دەستگیرکرا و دواتر ئازادکرا، پەیامێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە کە تێیدا باسی لەو پاڵپشتییە کردووە کە لەدوای رووداوەکە تووشی شۆکی کردووە.
چتاک لە پۆستەکەیدا دەڵێت، "نەمتوانی خۆم رابگرم و گریام"، بەمەش ئاماژەی بەو خۆشەویستییە کردووە کە لەلایەن خەڵکەوە پێی بەخشراوە.
"چاکە کە ئێوە هەن"
دیلان چتاک لە هەژماری رەسمی خۆی لە ئینستاگرام نووسیویەتی:
"لەسەرەتادا نەمدەویست هیچ شتێک بنووسم... بەڵام جیاوازییەکی زۆر گەورە هەیە لەنێوان جیهانی تۆڕەکانی سۆشیال میدیا و ئەو ژیانە راستەقینەیەی کە لەسەر شەقامەکان دەیبینم، بۆیە نەمتوانی بێدەنگ بم. پێشتریش ئەمەم ئەزموون کردبوو بەڵام وەک بڵێی ئەم ساتانە زیاتر بوون... چەندین رۆژە ئەو خەڵکەی دێنە لام، دڵسۆزی و خۆشەویستییان و وتنی 'ئێمە لەگەڵ تۆین'... ئەوانەی دەیانەوێت باوەشم پێدا بکەن، ئەوانەی سەیری ناو چاوەکانم دەکەن و دەڵێن 'خۆشمان دەوێیت'، 'دەنگتمان خۆشدەوێت'... بەڕاستی نەمتوانی خۆم رابگرم و گریام. بوونی ئەم هەموو مرۆڤە راستگۆ و دڵپاکە... رێک لەم کاتەدا، زۆرترین شت بوو کە پێویستم پێی بوو. چاکە کە ئێوە هەن..."
یەکەم کۆبوونەوەی کۆمسیۆنی ئاشتی تورکیا لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە بە سەرۆکایەتی "نوعمان کورتوڵموش" دەستی پێکرد و سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند: کار بۆ بەهێزکردنی برایەتی دەکەین.
سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوەدا، هەموو هەنگاوەکانی کۆمسیۆن بە روونی باسدەکرێت و دەنگی هەموو نەتەوەکان دەبین لێرە، وتیشی؛ ئەم پرۆسەیە ئایندەی کورد و تورک دیاری دەکات و تورکیایەکی پڕ رەنگ دەبینین.
وابڕیارە دوای وتاری دەستپێکی سەرۆکی پەرلەمان، نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان لە لیژنەکەدا بۆچوون و هەڵسەنگاندنەکانیان بخەنەڕوو.
کۆمسیۆنی ئاشتی لە 51 ئەندام پێکدێت، بەڵام تائێستا لایەنەکان 48 کاندیدیان پێشکەشکردووە، بڕیارەکانی کۆمسیۆنیش بە زۆرینەی سێ لەسەر پێنجی دەنگی ئەنجامەکانی دەردەکرێن و نابێت سەرۆکی کۆمسیۆنەکەش دەنگ لەسەر بڕیارەکان بدات.
بڕیارە رۆژی سێشەممە، ئەنجومەنی ئاسایشی ئیسرائیل کۆببێتەوە بۆ پەسەندکردنی پلانێک کە ئامانج لێی کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی کەرتی غەززە و ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازییە لە ناوچە نوێیەکاندا.
بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەکانی ئیسرائیل، بڕیارە رۆژی سێشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو لە جەنگی نزیکەی دوو ساڵەی لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززەدا، کە ئەگەری کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی ناوچەکە و ئۆپراسیۆنی سەربازی لەو ناوچانەدا لەخۆدەگرێت کە تا ئێستا لێی بەدوور بوون.
عەمیت سیگال، شرۆڤەکاری کەناڵی 12ـی ئیسرائیل کە پڕبینەرترین کەناڵی هەواڵییە لەو وڵاتە، لە زاری سەرچاوەیەک لە نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانەوە گواستییەوە و رایگەیاند: "بڕیارەکە دراوە... ئێمە دەچین بۆ داگیرکردنی کەرتی غەززە."
هەمان سەرچاوە وتیشی: "حەماس بەبێ خۆبەدەستەوەدانی تەواوەتی بارمتەکان ئازاد ناکات، ئەگەر ئێستا کار نەکەین بارمتەکان لە برساندا دەمرن و غەززەش لەژێر کۆنترۆڵی حەماسدا دەمێنێتەوە."
سیگال لە زاری بەرپرسەکەوە ئەوەشی وت: "ئیسرائیل بۆ ماوەی چەندین مانگ لەسەر دووڕیانێک بوو، با راشکاوانە بڵێین، نە سەرکەوتنی بەدەستدەهێنا و نە بارمتەکانیشی وەردەگرتەوە. دەسەڵات بۆ رێککەوتن فراوان بوو، بەڵام نەگەیشتینە رێککەوتن، بۆیە بەرەو داگیرکاری دەچین."
ئەم راپۆرتانە لەبارەی فراوانکردنی ئۆپراسیۆنی سەربازی لە غەززە لە کاتێکدایە کە دانوستانەکانی ئاگربەست بە نێوەندگیری لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا ئەم هەفتەیە شکستیان هێناوە، ئەمەش سەرەڕای دڵنیاییەکانی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە کۆتایی هەفتەدا سەردانی ئیسرائیلی کردبوو و رایگەیاندبوو کە کار لەسەر پلانێک دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
هەروەها ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت کە حەماس، کە لە7ی ئۆکتۆبەری 2023هێرشە بەرفراوانەکەی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد، بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی پڕوپاگەندەیی بارمتە لاوازبووەکان خەڵکی ئیسرائیلی تووشی شۆک کرد.
هاوکات، فشاری نێودەوڵەتی لەسەر ئیسرائیل بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە هەفتەکانی رابردوودا زیادی کردووە، لەگەڵ ئەو تۆمەتانەی کە سیاسەتی گەیاندنی هاوکارییەکانی ئیسرائیل دەبێتە هۆی برسێتی لە غەززە.
لەناوخۆی ئیسرائیلیشدا فشارەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و گەڕاندنەوەی نزیکەی 50 بارمتە، چ بە زیندوویی و چ بە مردوویی، کە هێشتا لە غەززەن، زیادی کردووە و سەرکردایەتی وڵاتەکەش دابەش بووە لەسەر باشترین رێگا بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە.
هەندێک لە وەزیرەکانی حکومەتی ناتانیاهۆ، وەک بتزالئێل سمۆتریچی وەزیری دارایی و ئیتامار بن گڤیری وەزیری ئاسایشی نیشتمانی، فشاردەکەن بۆ داگیرکردنەوەی غەززە و دروستکردنەوەی ئەو نیشینگە جوولەکانەی کە 20 ساڵ لەمەوبەر چۆڵکران. بەڵام سوپای ئیسرائیل دژی ئەو پلانەیە و بەپێی راپۆرتە میدیاییەکان، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەنجومەنی وەزیراندا چەند بەدیلێکی تر پێشکەش بکات.
سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل بۆماوەیەکی زۆر داوای لە کۆبونەوەی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیرانی ئیسرائیل کردەوە و سەرۆک وەزیران رەتیکردوەتەوە.
پێگەی ئیسرائیل هیۆم لەزاری کەسە نزیکەکانی سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ئەیال زەمیر سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل ماوەیەکی زۆرە داوای کۆبونەوە و گفتوگۆی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران کردوە سەبارەت بە جەنگی غەززە بەڵام بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دژی ئەو داواکاریە وەستاوەتەوە.
بڵاویشیکردەوە، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل دژی پلانی داگیرکردنی تەواوەتی کەرتی غەززەیە بەهۆی دروستبوونی مەترسی بۆ سەر ژیانی بارمتەکان و کوژرانی زیاتری سەربازە ئیسرائیلیەکان لە غەززە.
ئەوەش لە کاتێکدایە لێپرسراوێکی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئسیرائیل رایگەیاندبوو، ئەگەر سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل دژی داگیرکردنی تەواوەتی کەرتی غەززەیە دەتوانێت دەستلەکاربکێشێتەوە.
ئیبراهیم عەزیزی سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، "وەفدێکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو سەردانی ئێران بکات، تەنها دەسەڵاتی ئەوەی هەیە گفتوگۆ و راوێژکاری تەکنیکی لەگەڵ بەرپرسان و پسپۆڕانی وڵاتەکەی ئەنجام بدات".
وتیشی، بەپێی ئەو یاسایانەی ئەنجومەنی شورای ئێران پەسەندی کردوون لە هیچ هەلومەرجێکدا رێگە بە هیچ لایەنێکی نێودەوڵەتی نادرێت دەستی بگات بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
عەزیزی بۆ ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران، دەنگۆی دەستپێکردنەوەی پشکنینەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران رەتکردەوە و دەڵێت، "ئەو یاسایانەی لە پەرلەمان دەنگیان لەسەر دراوە، چوونە ژوورەوەی هەر وەفد و قەوارەیەکی بیانی بۆ ناو دامەزراوە ئەتۆمییەکان بەتەواوی قەدەغە دەکات".
سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی جەختی لەوەشکردەوە، "ئەم سنووردارکردنانە جێگیرن و ناگۆڕدرێن".