وەزارەتی بەرگری كوەیت رایگەیاند، ئێران بە درۆن هێرشێكی بۆ سەر خاكی وڵاتەكە ئەنجامداوە و چوار كەس برینداربوون و زیانی ماددی زۆر بەر شوێنی هێرشەكە كەوتووە.

سعود عەتوان، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی كوەیت لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، درۆنێكی ئێران سیستمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەكەی بڕیوە و هەوڵدراوە تێكبشێنرێت و چەند پارچەیەكی كەوتونەتە خوارەوە.

دەشڵێت، بەهۆی هێرشەكە دوو هاووڵاتی كوەیت و دوو هاووڵاتی بە نەتەوە پاكستانی و ئیتاڵی برینداربوون و توانراوە لە كەمترین كاتدا بگەیەنرێنە نەخۆشخانە.

هێزە چەكدارەكانی كوەیتیش رایانگەیاند، بەردەوام دەبن لە پارێزگاریكردن لە سەروەری وڵاتەكە و ئاسایش و سەقامگیریەكەی بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان.

هاوكات ئاژانسی هەواڵی ئیتاڵیاش بڵاویكردەوە، دوو كرێكاری ئیتاڵی بەهۆی هێرشەكەی ئێرانەوە كوژراون.