ئێران: هەموو ئامرازەكان بۆ رووبەڕوبوونەوەی گەمارۆی دەریایی ئەمریكا بەكاردەهێنین
کەژان
٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هەموو ئامرازە بەردەستەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەمارۆی دەریایی ئەمریكا بەكاردەهێنین و قبوڵیشی ناکەن هیچ هێز و لایەنێکی سەربازی نزیکی سنوری وڵاتەکەیان ببنەوە.
ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ لە كۆنفرانسی رۆژنامەوانیی هەفتانەدا ئاشكرایکرد، ئێران هەموو ئامرازە بەردەستەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەمارۆی دەریایی ئەمریكا بەكاردەهێنێت.
هاوكات جەختیشی كردەوە، بوونی هەر هێزێكی سەربازی یان ئەمنیی بیانی لە نزیك سنوورەكانی وڵاتەكەی بە هیچ شێوەیەك جێگەی قبووڵ نییە و لایەنی ئەرمینیاش دڵنیایی پێویستی لەو بارەیەوە پێداون.
جێبەجێكردنی گەمارۆ دەریاییەكەی ئەمریكا كە هەناردە نەوتییەكانی پەیوەست بە ئێرانی كردووەتە ئامانج، لە 13ـی نیسانی رابردوو دەستیپێكردبوو، پێش ئەوەی لە مانگی حوزەیراندا دوای گەیشتنی واشنتۆن و تاران بە رەشنووسی لێكتێگەیشتنێك هەڵبگیرێت، بەڵام دوای داڕمانی ئەو لێكتێگەیشتنە، لە 14ـی تەممووزدا جارێكی دیكە گەمارۆكە خرایەوە بواری جێبەجێكردنەوە.



