وەزیری دەرەوەی ئێران بە پێویستی دەزانێت، كۆتایی بەو گەمارۆیە بهێنرێت كە ئەمریكا بەسەر بەندەرەكانی وڵاتەكەیدا سەپاندوویەتی.

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە تاران رایگەیاند، هەموو هەوڵەكانیان بۆ چارەسەركردنی هەردوو دۆسێی هەناردەكردنی نەوت و دانوستانەكان چڕ دەكەنەوە.

وتیشی، بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت، پێویستە ئەو گەمارۆ دەریاییە بشكێنرێت كە ئەمریكا بەسەر بەندەرە ئاوییەكانی ئێراندا سەپاندوویەتی.

وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێكیشدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس باسی لەوە كرد، یەحیئێل لایتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە واشنتۆن، رۆڵی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی ئەمریكا دەبینێت و فەرماندەیی سەربازیی ئەمریكای دراوەتە دەست.

لێدوانەكانی عەباس عراقچی لە كاتێكدا دێن، وڵاتانی نێوەندگیر لەنێوان ئەمریكا و ئێران بەردەوامن لە هەوڵەكانیان بۆ لێكنزیككردنەوەی ئەو دوو وڵاتە بە مەبەستی گەیشتن بە رێككەوتن.