لێپرسراوێکی باڵای ئێران: ئێستا دوژمن نازانێت موشەکەکانی ئێران ئەمریکا، ئەوروپا یان ئاسیا دەکەنە ئامانج
بڵند
١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
حسەن قەشقاوی، وتەبێژی کۆمیسۆنی ئاسایشی نەتەوەیی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، ئامادەیی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی گەیشتووەتە ئاستێک کە چیتر دوژمن ناتوانێت وەک سەرەتای جەنگە 12 رۆژە و 40 رۆژە هەڕەشە بکات.
وتەبێژی کۆمیسۆنی ئاسایشی نەتەوەیی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، توانای سەربازی تاران لە ئاستێکی باوەڕپێنەکراودایە و دوژمن ئێستا نازانێت موشەکەکانی ئێران کام کیشوەر؛ ئەمریکا، ئەوروپا یان ئاسیا دەکەنە ئامانج.
ئاماژەی بەوەش کردوە، کە پێشتر دوژمن گاڵتەی بە هێزی ئاسمانی و بەرگریی ئاسمانیی ئێران دەکرد، بەڵام ئێستا لێپرسراوانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ژێر توندترین رێکارە ئەمنییەکاندا دەژین.
ناوبراو هۆکاری ئەوەشی بۆ بەهێزبوونی توانای ڕادار و مووشەکە زەوی بۆ ئاسمانەکانی وڵاتەکەی گەڕاندەوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا، قەشقاوی جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر ئەمریکا پێی وابێت دەتوانێت لە رێگەی دانوستانەوە سازش بە ئێران بکات، ئەوا ئەو ئاواتە لەگەڵ خۆی دەباتە گۆڕەوە.



