'سێنتکۆم' ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە برینداربوونی سەربازانی وڵاتەکەیان دەکەن لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێراندا و جەخت دەکاتەوە، سەرجەم هێزەکانیان سەلامەتن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەنراوێکی رەسمیدا، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا 'سێنتکۆم' ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو هەواڵانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە برینداربوونی سەربازانی ئەمریکی و گواستنەوەیان بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێرانەوە، "بەتەواوی دوورن لە راستییەوە".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە هێرشەکانی ئەم هەفتەیەی ئێراندا هیچ سەربازێکی ئەمریکی زیانی پێنەگەیشتووە و سەرجەمیان سەلامەتن.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا راشیگەیاند، "ئەو هەژمارانەی سەر بە سوپای پاسدارانن، بە بەردەوامی زانیاریی ناڕاست لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکەنەوە".