دوا بە دوای دۆڕانەکانیان لە هەڵبژاردنەکان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ راوێژکارانی دەوروبەری و لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە دەستی کردووە بە راوێژکردن سەبارەت بەوەی ئایا پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە پۆستەکەیدا بەردەوام بێت یاخود نا.

کەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردوەتەوە؛ دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت شکستەکەی بخاتە ئەستۆی وەزیری جەنگ و  ئادمیراڵ براد کوپەر، سەرۆکی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) و ژەنەڕاڵ دان کەین، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکا، کە هەرسێکیان رۆڵی سەرەکییان هەبووە لە رێنماییکردنی جەنگی ئێراندا.

لە راپۆرتەکەدا ئەوەخراوەتەڕوو، دۆناڵد ترمپ پرسیاری کردوە ئاخۆ پێویستە وەزیری جەنگ لە پۆستەکەتدا بمێنێتەوە، چونکە پێیوایە بەهۆی سیاسەتی جەنگەوە، بەتایبەت جەنگی ئێران توشی شکست بوون لە هەڵبژاردنەکاندا.

ئاماژەی بەوەشکردوە، سەرۆکی ئەمریکا هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر لادانی هێگسێست نەداوە، بەڵام تاوتوێی ئەو پرسەی کردوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە پێش هەڵبژاردنەکانیش دیموکراتەکان هەوڵی لێسەندنی متمانەیان لە وەزیری جەنگدا دەدا و چاوەڕوان دەکرێت بەهۆی بەدەستهێنانی زۆرینەی رەها لە هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و پیراندا، ئەم هەوڵانەی دیموکراتەکان توندتر ببێتەوە.

لە وەڵامی ئەم دەنگۆیانەدا، ئانا کێلی، وتەبێژی کۆشکی سپی جەختی کردەوە کە ترەمپ "متمانەی تەواوی بە وەزیر هێگسێست هەیە و ستایشی کارە سەربازییەکانی لە ئێران و ڤەنزوێلا و هەوڵەکانی بۆ چاکسازی لە پێنتاگۆن کردوە.