فۆکس نیوز: فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە سنوری ئاسمانی ئێران راهێنان دەکەن
بڵند
٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە رۆژانی رابردوو و هەفتەیەک پێش هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی وڵاتەکەیان لە سنوری ئێران و لە ئاسمانی عیراق و سوریا مەشق و راهێنانیان ئەنجامداوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راپۆرتێکیدا فۆکس نیوز بڵاویکردوەتەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل دوای رۆژێک لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەی بنیامین ناتانیاهۆ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لە سنوری ئێران دەستیان کردوە بە مەشقکردن.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ئەم راهێنانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل رەنگە ئامادەکاریبێت بۆ دەستپێکردنەویە جەنگ، کە لە ئێستادا لە هەموو کات زیاتر باسی لێوەدەکرێت.
فۆکس نیوز باسی لەوەشکردوە، دیمەشق ئەمجارە لە بارەی گەشتە سیخوڕیەکانی ئیسرائیل لە باشوری ئەو وڵاتە بە وریاییەوە مامەڵەی کردوە و ئاگاداری جموجوڵەکانی ئیسرائیلە.
لێپرسراوێکی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرعیش بە رۆژنامەی "ئۆرشەلیم پۆست"ـی راگەیاندوە؛ گەشتە سیخوڕیەکانی ئیسرائیل لە باشوری سوریادا زۆر زیادیان کردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، میدیاکانی ئێران بانگەشەی ئەوەیانکردوە، لە هەفتەکانی رابردوودا فڕۆکە جەنگییەکانی دوژمن چەندین جار بەسەر ئاسمانی عیراقدا و لە سنوری وڵاتەکەیاندا فڕیون.



