لە دەریای ئیجە زیاتر لە 10 کۆچبەر خنکان کە ژن و کۆرپەیان تێدایە
ساکۆ سمکۆ
١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
جارێکی دیکە دەریای ئیجە دەبێتە گۆڕستانی کۆچبەران و لە دوو کارەساتی جیاوازدا، 12 کۆچبەر لە کاتی هەوڵدانیان بۆ گەیشتن بە ئەوروپا گیانیان لەدەستدا.
پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان رایگەیاند، لە نزیک دوورگەی 'لێسبۆس' بەلەمێکی کۆچبەران و بەلەمێکی پۆلیس بەیەکیانداداوە، بەو هۆیەوە شەش کۆچبەر خنکاون کە لە چوار ژن، پیاوێک و کۆرپەیەک پێکهاتوون.
هاوکات، لە نزیک دوورگەی 'سامۆس'ـی هەمان وڵات، بەلەمێکی دیکەی کۆچبەران ژێرئاو کەوتووە و لەو روداوەشدا شەش کۆچبەری دیکە گیانیان لەدەستداوە، کە تا ئێستا ناسنامەی هیچ کام لە قوربانییەکان ئاشکرا نەکراوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، رێگاکانی کۆچ بەرەو ئەوروپا بەردەوام مەترسی لەسەر ژیانی پەنابەران دروست دەکەن، بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ(IOM)، تەنها لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە هەزار و 200 کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا خنکاون یاخود بێسەروشوێن بوون.



