بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەسەر رێگەی سەرەکیی کەڵەک بۆ بەردەڕەش، بەهۆی پێکدادانی دوو بارهەڵگرەوە ئاگر کەوتەوە و شۆفێرێک گیانی لەدەستدا.

بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی ئاکرێ رایگەیاند، کاتژمێر 2:30ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئاگادارکراونەتەوە لە هەبوونی رووداوێکی هاتوچۆ لەنێوان دوو بارهەڵگر لە جۆرەکانی تانکەر و ترێلە، کە دەستبەجێ ئاگر لە هەردوو ئۆتۆمبێلەکە بەربووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، دەستبەجێ دوو تیمی بنکەی بەرگریی شارستانیی کەڵەک گەیشتوونەتە شوێنی روداوەکە و توانیویانە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.

ئەوەشی ئاشکراکرد، شۆفێری یەکێک لە بارهەڵگرەکان کە هاووڵاتییەکی خەڵکی تورکیایە، بەهۆی سەختیی روداوەکەوە بەتەواویی سوتاوە و گیانی لەدەستداوە.