ئەمەریکا هۆشدارییەکی بەپەلە بۆ هاووڵاتییانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەردەکات
سەوسەن سەید
١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
باڵیۆزخانەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوایان لە هاووڵاتییە ئەمەریکییەکان کرد کە خۆیان بەدوور بگرن و زۆرترین هۆشیاری بنوێنن، ئەمەش لە رێگەی ئاگادارییەکی ئەمنییەوە کە ئاماژەی بە هێرشەکانی حووسییەکان بۆ سەر سعودیە کردبوو.
ئاگادارییەکە هۆشداری ئەوەی دا کە کارە دوژمنکارییەکان رەنگە بە خێرایی پەرە بسێنن و سنووری پێکدادانەکانی ئێستا تێپەڕێنن، کە رەنگە ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، داخستنی ئاسمانی ناوچەکە و تێکچوونی جموجوڵی گەشتیاری.
هۆشدارییە ئەمنییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەم وڵاتانەی خوارەوەی گرتەوە: سعودیە، کوەیت، ئوردن، بەحرەین، عومان، قەتەر، عیراق، لوبنان، یەمەن، ئێران، ئیسرائیل و قودس.
ئاگادارییەکە بۆ هاووڵاتییە ئەمەریکییانە بوو کە گەشت بۆ ناوچەکە یان لە ناوچەکەوە دەکەن، تاوەکو چاودێریی نوێترین پێشھاتەکانی کارکردنی فڕۆکەخانەکان و کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی بکەن، هەروەها پلانی جێگرەوە پێشوەختە ئامادە بکەن وەک خۆئامادەکارییەک بۆ هەر حاڵەتێکی لەناکاو.
هەروەها باڵیۆزخانەکان هۆشدارییان دا لە ئەگەری ئەوەی ئێران و ئەو گرووپە لایەنگرانەی پاڵپشتی لێ دەکەن، بەرژەوەندییەکان یان شوێنە پەیوەندیدارەکانی ئەمەریکا و هاووڵاتییەکەی لە سەرتاسەری جیهاندا بکەنە ئامانج، کە کۆمپانیا ئەمەریکییەکان و دامەزراوەکانی تریش دەگرێتەوە.



