رۆژی یەکشەممە، مەهرداد ئەخلاقی، کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سزادراوە، بە رەسمی وەک وەزیری بەرگریی نوێی ئێران دەستبەکار بوو. 

پەڕلەمانی ئێران لە دەنگدانێکدا رەزامەندی لەسەر دامەزراندنی ئەخلاقی دەربڕی. پێشتر و لە دوای کوژرانی عەزیز نەسیرزادە (وەزیری پێشوو)، عەمید لە سوپای پاسداران مەجید ئبن رەزا کە جێگری وەزیر بوو، بە وەکالەت پۆستەکەی بەڕێوەدەبرد.

ئەخلاقی لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا لەلایەن مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێرانەوە بۆ ئەو پۆستە کاندید کرابوو. ناوبراو بە یەکێک لە بەرپرسە دێرینەکانی پیشەسازیی بەرگریی ئێران ئەژمار دەکرێت و ساڵانێکی درێژ لە بەڕێوەبردنی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بە پیشەسازیی ئاسمانی و بەرنامەی مووشەکییدا کاری کردووە، پێش ئەوەی رابەرایەتیی ئەم وەزارەتە بگرێتە دەست کە رۆڵێکی جەوهەری لە پەرەپێدانی چەک و تەکنەلۆژیای سەربازیی ئێراندا دەگێڕێت.

ئەخلاقی ئەزموونی لە وەزارەتی بەرگریدا بۆ نزیکەی ٤۲ ساڵ دەگەڕێتەوە.

لە ناوەڕاستی دەیەی یەکەمی هەزارەی نوێوە ناوی لە بەڵگەنامەکانی پەیوەندیدار بە بەرنامەی مووشەکیی ئێراندا دەرکەوت.

بەپێی بەڵگەنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ناوبراو لە قۆناغێکدا سەرۆکایەتی کۆمەڵەی پیشەسازیی "شەهید باقری" کردووە، کە سەر بە رێکخراوی پیشەسازیی ئاسمانیی وەزارەتی بەرگرییە و پەیوەستە بە بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی مووشەکی بالیستیی بە سوتەمەنیی رەق.

لە ئاداری ساڵی 2007دا، ناوی ئەخلاقی لە چوارچێوەی بڕیاری 1747ی ئەنجومەنی ئاسایشدا هات. هەروەها لە تشرینی دووەمی 2014دا، لەلایەن حوسێن دەهقان، وەزیری ئەوکاتی بەرگریی ئێرانەوە، بە بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی پیشەسازیی ئاسمانی هەڵبژێردرا. جگە لەوەش ناوی لە لیستەکانی سزاکانی یەکێتیی ئەوروپاشدا تۆمار کراوە.