ترەمپ: لە هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیلدا پشتیوانی لە ناتانیاهۆ دەکەم
محەمەد رزگار
١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
ترەمپ پشتگیریی خۆی بۆ ناتانیاهۆ لە هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل رادەگەیەنێت و دەڵێت؛ کەس لە ناتانیاهۆ بۆ ئەو پۆستە باشتر نییە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پشتگیریی تەواو و بێمەرجی خۆی بۆ هاوپەیمانەکەی، بنیامین ناتانیاهۆ، لە هەڵبژاردنە داهاتووەکانی پەرلەمانی ئیسرائیل راگەیاند.
ترەمپ لە "تروس سۆشیال" نووسیویەتی: "با ئەم پەیامە ببێتە شایەتحاڵێک بۆ پشتگیریی تەواو و بێمەرجی من بۆ ناتانیاهۆ لە پێشبڕکێی گەڕانەوەی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل".
سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریشی دا و وتى: "ئەگەر کەسێکی تر جگە لە ناتانیاهۆ سەرکردایەتیی ئیسرائیل بگرێتە دەست، ئەوا ئەمریکا ناچار دەبێت خۆی ئەرکەکەی دژی ئێران تەواو بکات، کە ئەمەش شتێکە من نامەوێت".
سەبارەت بە ئێران سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، ئەگەر ئێران بە خێرایی هەڵسووکەوتەکەی نەگۆڕێت، ئەوا لە نزیکترین کاتدا ئەرکەکە دژی تەواو دەکەن، هەروەها ئێران بە شێوازێکی سیستماتیک لە رووی سەربازی و داراییەوە لێدانی وێرانکەری بەرکەوتووە".
ئەم پشتگیرییەی ترەمپ لە کاتێکدا دێت کە ئیسرائیل لەناو کێبڕکێیەکی توندی سیاسییە بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو، لە ناوەڕاستی ناکۆکییەکان لەسەر بەڕێوەبردنی دۆسیە ئەمنییەکان و پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا.


