عەلی زەیدی لە ریاز لەگەڵ محەمەد بن سەلمان کۆبووەوە
سەوسەن سەید
١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
عەلی زەیدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق، لە پایتەختی سعودیە لەگەڵ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشین کۆبووەوە، ولە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پەرەسەندنەکانی دۆخی ناوچەکە و رێگاکانی هەماهەنگیکردنی هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەیان کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی وەزیران لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: زەیدی ئیدانەی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی پاشا خالد لە ریاز کرد، و جەختی لەسەر رەتکردنەوەی ئامانجکردنی هاووڵاتییانی مەدەنی و دامەزراوە مەدەنییەکان کردەوە بەو پێیەی ئەوە مەترسییە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی.
سەرۆک وەزیران هەڵوێستی نەگۆڕی عیراقی دووپات کردەوە لەسەر رێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی وڵاتەکەی وەک دەستپێکێک بۆ هەر هێرشێک یان کارێک کە زیان بە ئاسایشی سعودیە و وڵاتانی ناوچەکە بگەیەنێت، هاوکات پابەندبوونی خۆی بە بنەماکانی رێزگرتن لە سەروەریی عیراق و وڵاتە دۆست و براکان دووپات کردەوە.
راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش دا کە دیدارەکە باسی پەیوەندییەکانی نێوان عیراق و سعودیە و رێگاکانی پەرەپێدانی کرد لە هەموو بوارەکاندا، بەتایبەت هەماهەنگیی ئەمنی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ناوچەییەکان.
لای خۆیەوە، شازادەی جێنشینی سعودیە پشتیوانیی شانشینی بۆ هەوڵەکانی حکومەتی عیراق دووپات کردەوە کە ئامانجیان بەهێزکردنی گفتوگۆ و بەدیهێنانی سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا.



