ناتانیاهۆ: لە دوو ساڵی داهاتوودا حەماس و حزبوڵا لەناودەبەین و رژێمی ئێران دەڕوخێنین
دیلان
١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هۆشداری دەدات لە مەترسییەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتەکەی و ناوچەکە و رایدەگەیەنێت، "لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا حەماس و حزبوڵا لەناودەبەن و دەسەڵاتی ئێستای ئێرانیش دەڕوخێنن".
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رادیۆی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکرد، دوژمنەکانیان هەوڵدەدەن لەم رۆژانەدا هێرشبکەنە سەر ئیسرائیل، سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشێکی پێشوەختیش بۆ سەر تاران، ناتانیاهۆ وتی، لە ئێستادا دژایەتی ئەو هەنگاوە دەکات و بە کاتێکی گونجاوی نازانێت.
راشیگەیاند، حکومەتەکەی و سوپای ئیسرائیل نزیکەی 90%ـی ئەرکەکانیان بۆ دابینکردنی ئاسایش جێبەجێکردووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، سەرچاوە ئاگادارەکان باسیان لەوە کردووە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەگەری هێرشکردنەسەر ئێرانیان پێش هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا تاوتوێکردووە.


