سەرۆک کۆماری ئێران سەرکەوتنی هەر گفتوگۆیەکی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا دەبەستێتەوە بە نەهێشتنی هەڕەشەکان.

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، سەرکەوتنی گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەستراوەتەوە بەوەی بەبێ بوونی "پەستان و هەڕەشە" ئەنجام بدرێن.

لە وتارێکیدا لە میانی لووتکەی وڵاتانی سەربەخۆ لە تورکمانستان، پزیشکیان ئاماژەی بەوەکرد، "دیالۆگ هیچ واتایەکی نابێ و دەرفەتی سەرکەوتنی نابێت، مەگەر لەسەر بنەمای رێزی پابەندبوونی دوولایەنە بێت."

مەسعود پزیشکیان جەختیشیکردەوە، دانوستانکردن بێواتایە "ئەگەر دوور نەبێت لە پەستان و هەڕەشەکان."

ئەم لێدوانانەی سەرۆک کۆماری ئێران لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە ئەنجامدانی "گفتوگۆی بەرهەمدار" لەگەڵ تاران کرد و ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی نوێی بۆ سەر ئەو وڵاتە لانی کەم پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولەکەی بەدوور زانی.