سعودیە كوژرانی سێ كەس لە دوو هێرشدا بۆسەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریاز رادەگەیەنێت و ئاگربەستیش لەگەڵ حوسییەكان رەتدەكاتەوە.

دەستەی فڕۆكەوانیی شارستانیی سعودیە لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرایكرد، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە شاری ریاز روبەڕوی دوو پەلامار بووەتەوە، یەكەمیان بەشەكانی فڕۆكەخانەكەی پێكاوە و دووەمیش فڕۆكەیەكی هێڵی ئاسمانیی سعودیەی كردووەتە ئامانج.

راشیگەیاندووە، بەهۆی هێرشەكانەوە سێ كەس كوژراون و چەند كەسێكی تری بیانیش برینداربوون.

سەرچاوەیەكی دیپلۆماسیش بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، سعودیە بە هیچ شێوەیەك رازی نابێت بە ئاگربەست لەگەڵ حوسییەكان تا ئەو كاتەی حكومەتی شەرعیی یەمەن سەرجەم ئەو ناوچانە كۆنتڕۆڵ دەكاتەوە كە لە چەند هەفتەی رابردوودا لەدەستی داون، جەختیشیكردەوە، ریاز رادەستی گوشار و هەڕەشەی سەربازیی حوسییەكان نابێت لە ناوچەكەدا.