سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران جەخت لەسەر تەواوکردنی پێکهێنانی کابینەی حکومەت دەکەنەوە
محەمەد رزگار
٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
لە بەغداد سەرۆک کۆماری عیراق و سەرۆکی وەزیران کۆبوونەوە و دوا پێشهاتە سیاسی، ئابوری و گەشەپێدانەکانی وڵاتیان تاوتوێ کرد.
بەپێی راگەیەنراوێکی سەرۆکایەتیی کۆمار، ئەمڕۆ، نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کۆبووەوە؛ لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی گشتیی بارودۆخی ناوخۆیی و دۆسیەی تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەی حکومەت کرا.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونی حکومەت کردەوە لە جێبەجێکردنی بەرنامەکەی کە لەسەر بنەمای چاکسازیی ئابوری و دروستکردنی هاوبەشیی بەرهەمدار لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دۆست داڕێژراوە، بە جۆرێک کە رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر ئابوریی عیراق و رەخساندنی هەلی کار بۆ هاووڵاتییان هەبێت.
هاوکات سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران ئاماژەیان بە گرنگیی کارکردنی بەردەوام کرد بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ریشەیی و بەردەوام بۆ ئاڵنگارییەکانی ئێستای وڵات لە سەرجەم بوار و سێکتەرە جیاوازەکاندا.


