وەزارەتی پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، چوار خوێندکاری کورد لە نێوان 210 خوێندکاری وڵاتانی عەرەبیدا سەرکەوتنی گەورەیان لە پێشبڕکێی بیرکاریی هزری بۆ لوتکەی وڵاتانی عەرەبی تۆمارکردوە و توانیویانە پلەی یەکەم بەدەستبهێنن.

پێشبڕکێی بیرکاریی هزری بۆ لوتکەی وڵاتانی عەرەبی لە وڵاتی سعودییە بە بەشداری 210 خوێندکار بەڕێوەچوو،  خوێندکارەکان لە کوردستان و وڵاتانی سعودییە، جەزائیر، تونس، میسر، سودان، فەلەستین، عیراق و مەغریبەوە بەشداربوون.

لەم رکابەرییە نێودەوڵەتییەدا، چوار خوێندکاری کورد هاوشانی بەشداربووان و بە ئاڵای کوردستانەوە ئامادەبوون و سەرکەوتنی گەورەیان تۆمار کرد؛ بە شێوازێک کە عەبدولڕەحمان ئاراز لە خوێندنگەی کامبریج لە هەولێر، لە قورسترین ئاستدا (ئاستی H) بە وەڵامدانەوەی زۆرترین پرسیار پلەی یەکەمی زێڕینی باڵای بەدەستهێنا.

هاوکات سێ خوێندکاری قەزای پیرەمەگروونیش دەستکەوتی بەرچاویان هەبوو؛ هامنۆ لە ئاستی F پلەی زێڕین، رۆڤار لە ئاستی C پلەی زێڕین، و راڤێل لە ئاستی G پلەی زیوی بەدەستهێنا.

وەزارەتی پەروەردە ئاماژە بەوەش کردوە،  کە ئەمە دووەم ساڵی بەردەوامە خوێندکارانی کورد بەشداری لەم پاڵەوانیەتییە نێودەوڵەتییەدا دەکەن و ئاستێکی بەرز و نایاب نیشان دەدەن.