وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراق دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی راگەیاند کە بێڕێزییان بەرانبەر ئاڵای ئەمریکا کردبوو لە بەغداد.

سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد کە لەسەر راسپاردەی عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەو تۆمەتبارانەیان دەستگیرکردووە کە لە بەڕێوەچوونی چالاکییەکانی "رۆژی سەروەری"دا بێڕێزییان بەرانبەر ئاڵای ئەمریکا کردبوو.

سەباح نوعمان جەختیشی کردەوە، سەرجەم رێکارە یاساییەکان بەرانبەر تۆمەتباران دەگیرێنەبەر و رووبەڕووی لێپرسینەوە دەکرێنەوە، بەپێی یاساکانی عیراق و نەریتە دیپلۆماسییەکان.

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان راشیگەیاند، حکومەتی عیراق پابەندبوونی خۆی بە رێزگرتن لە هێما و نێردە دیپلۆماسییەکانی وڵاتانی دۆست دووپات دەکاتەوە، و هەر هەوڵێک بۆ بێڕێزیکردن بەرانبەریان بەپێی یاسا رووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێتەوە.