ئاژانسی رۆیتەرز بە پشتبەستن بە سێ لێپرسراوی باڵای ئێران و سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بابەتە بڵاویکردەوە، تاران ئامادەکاری تەواوی کردوە و لە ئەگەری هێرشی ئەمریکادا وەڵامدانەوەکەی  فراوانتر و توندتر دەبێت لە چاو رابردودا.

رۆیتەرز رایگەیاندوە، لەئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان، فەرماندە باڵاکانی ئێران پلانیان هەیە و  بیر لە زیادکردنی مەودای ئامانجە ئەگەرییەکان دەکەنەوە.

بەپێی راپۆرتەکە، ئەو پلانانەی کە لەبەرچاو دەگیرێن بریتین؛ لە فراوانکردنی مەودای ئامانجەکان لە بەرژەوەندییە پەیوەندیدارەکانی ئەمریکاوە بۆ ئەو وڵاتانەی کە پشتگیری لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی واشنتۆن دەکەن.

رۆیتەرز ئاشکرای کردوە، تاران نیازیەتی ئامانجەکانی دەرەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بگرێتەوە، بەڵام تا ئێستا بڕیاری کۆتایی لەسەر مەودا و کاتی وەڵامدانەوەی لەو شێوەیە نەدراوە.

ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ رۆیتەرز کردوە، وتویانە؛ بە گوێرەی پلانەکان، وەڵامی ئێران بۆ ئەمریکا، جگە لە  گەروی هورمزە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، لە دەرەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەبێت.

ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند بوو، تاران داوای لە گروپە هاوپەیمانەکانی لە لوبنان، یەمەن و عیراق کردووە، ئەگەر ئەمریکا دەست بە هێرش بکاتەوە،ئامادەبن بۆ پشتیوانی لە کۆماری ئیسلامی ئێران.