عەلی زەیدی: یەكگرتنی هێزەكانی پێشمەرگە گرنگە بۆ یەكخستنی بڕیارە ئەمنی و سەربازییەكان
ئاکام
١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
سەرۆك وەزیرانی عیراق پێشوازی لە هەڵوێستی ئەو گروپانە كرد كە پابەندبوونی خۆیان بە پرسی چەكەوە راگەیاندووە و دەشڵێت، یەكگرتنی هێزەكانی پێشمەرگە گرنگە بۆ یەكخستنی بڕیاری ئەمنی و سەربازی.
عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لە كۆنگرەی سەروەری عیراق رایگەیاند، هەوڵی عیراقیەكان هاتوەتەدی و گوزارشت لە بڕیاری گەل و بوونی دەوڵەت دەكات و پێزانینیان هەیە بۆ گروپانەی پابەندبوونی خۆیان بۆ دانانی چەك هەیە.
دەشڵێت، سەروەری عیراق بەدیهات بە كشانەوەی تەواوی هێزە بیانیەكان و كۆتاییهاتنی تەواوی ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عیراق و رێككەوتن لەسەر كشانەوەی هێزەكانی توركیا و پەكە.
وتیشی، یەكگرتنی هێزەكانی پێشمەرگە گرنگە بۆ بەهێزكردنی بڕیاری ئەمنی و سەربازی و كۆتاییهێنان بە بوونی ئۆپۆزسیۆنی بیانی چەكدار لە خاكی عیراق و رێگەنەدان بە بەكارهێنانی خاكی عیراق دژی وڵاتانی دراوسێ یەكێكی تر بوو لە دەستكەوتەكان.
راشیگەیاند، دەستدەكەن بە دروستكردنی سیستمێكی بەرگری ئاسمانی نیشتمانیی یەكگرتوو بۆعیراق.


