ئەحمەد شەرع: جۆلان وەک خاکی سوریا دەمێنێتەوە
دیلان
٢٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
سەرۆکی سوریا لە وتارێکدا، چوونە ناو قۆناغێکی نوێی بوژانەوەی ئابوری و رێکخستنەوەی سوپای وڵاتەکەی رادەگەیەنێت و جەخت لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و سەروەریی خاکی سوریا دەکاتەوە.
لە وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا ئاماژەی بە دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە مێژووی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، سوریا چووەتە ناو بوژانەوەی ئابوری، هاوکات پرۆسەی قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دەستی پێکردووە، سوپاش لەسەر بنەمایەکی نوێ رێکخراوەتەوە.
سەرۆکی سوریا جەختی لەوەکردەوە، وڵاتەکەی لە باکوورەوە تا باشوور یەکخراوەتەوە و رێڕەوی دادپەروەریی راگوازتن لە سەرانسەری سوریا دەستی پێکردووە، ئاماژەی بەوەشکرد، سوریا لەسەر بنەمایەکی سەروەریی بەهێزەوە دەستیکردووە بە دروستکردنی پردی هاوبەشی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، ئەحمەد شەرع ئاماژەی بە هەڵگرتنی سزاکانی سەر وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، "بۆ جیهان سەلمێنرا کە ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سوریاوە دەنەخشێنرێت."
سەبارەت بە پرسی سنورەکان و ئیسرائیل، جەختی کردەوە، بەرزاییەکانی جۆلان وەک زەوییەکی سوریا دەمێنێتەوە و سەرجەم بڕیارەکانی لکاندنی بە ئیسرائیلەوە بەپێی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان بێبایەخن.
هاوکات پابەندبوونی سوریاشی بە رێککەوتنی ساڵی 1974 دووپاتکردەوە و داوای کشانەوەی تەواوەتی ئیسرائیلی کرد لە زەوییەکانیان، هاوکات هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر خاکی سوریاش ئیدانە کرد.


