وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران مەرجەکانی تاران بۆ زەمینەسازکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت، هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی و سزادانی ئابوری لە مەرجە سەرەکییەکانیانن.

ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'ئێکس' نووسیویەتی؛ لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، خولێکی تری ئاڵوگۆڕی پەیام لەنێوان ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیریی قەتەر بەڕێوەچوو.

ئاماژەی بەوەشدا، پرۆسەی ئاڵوگۆڕی پەیامەکان نزیکەی دوو سەعاتی خایاندووە و تێیدا هەڵوێست و مەرجەکانی تاران بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی دیپلۆماسی بە شێوازێکی روون بڵاوکراونەتەوە، بە جۆرێک رێگە لە هەر بیانوویەک لەلایەن دەسەڵاتدارانی واشنتۆنەوە دەگرێت.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختیشی کردەوە، مەرجەکانی تاران تەواو روونن، لەوانەش راگرتنی "کردەوە دوژمنکارییەکان"ـی ئەمریکا و هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی و سزادانی ئابوری، کۆتاییهێنان بە شەڕ لە تەواوی بەرەکان و ئازادکردنی سەرمایە بلۆککراوەکانی ئێران و دابینکردنی ئاسایشی رێڕەوە کەشتیوانییەکان.