وەزیری دەرەوەی توركیا دەڵێت، رێككەوتنی مەككە یاسا و رێساكانی جموجۆڵ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت و سعودیەش نایەوێت ببێتە بەشێك لە ململانێكانی ئەمریكا و ئێران.

هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، رێككەوتنی مەككە بۆ بەرگریی هاوبەش لە نێوان توركیا و سعودیە و پاكستان دوای تەواوكردنی هەنگاوەكانی بنیادنانی بە تەواویی، دەرگای كراوە دەبێت بە روی ئەندامی نوێدا.

وتیشی، رێككەوتنی مەككە نوێنەرایەتی ئیرادەیەكی بەهێز دەكات و  دەبێتە سەكۆیەكی گرنگ و یاسا و رێساكانی جموجۆڵ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت.

وەزیری دەرەوەی توركیا ئاماژەی بەوەشكرد، هێرشی حوسییەكان بۆسەر سعودیە بەهۆی ململانێكانی نێوان ئێران و ئەمریكاوە جێگەی قبوڵ نییە، وتیشی، سعودیە نایەوێت ببێتە بەشێك لە ململانێكانی نێوان ئێران و ئەمریكا.