لە سبەینێوە قیرتاوکردنەوەی شەقامی سەرچنار لە سلێمانی دەستپێدەکاتەوە
محەمەد رزگار
٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئاشکرایکرد، سبەینێ دەست بە پڕۆسەی قیرتاوکردنەوەی شەقامی سەرچنار دەکرێتەوە و بەو هۆیەوە بەشێکی شەقامەکە بە شێوەیەکی کاتی بەربەست دەکرێت.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند، پاش راگرتنی کاتیی کاری قیرتاوکردنی شەقامی سەرچنار بەهۆی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم لە چەند رۆژی رابردوودا، بەیانیی رۆژی دووشەممە سەعات 9:00ـی بەیانی تیمەکانیان دەست بە پڕۆسەی قیرتاوکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی شەقامەکە دەکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد،، بۆ ئەنجامدانی کارەکان، سایدی رۆیشتن لە مەودای نێوان ترافیک لایتی نزیک بەنزینخانەی تاڤگە تا بەردەم "سیتی سینەما" بە شێوەیەکی کاتی بەربەست دەکرێت.
شارەوانیی سلێمانی داوا لە هاووڵاتییان و شۆفێران دەکات هاوکاری تیمەکانیان ببن و لە ماوەی جێبەجێکردنی کارەکاندا خۆیان لە بەکارهێنانی ئەو شەقامە بپارێزن و رێگا جێگرەوەکان بەکاربهێنن، تا کارەکانی نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنەکە بە تەواوی کۆتایی پێدێت و شەقامەکە دەخرێتەوە خزمەتی هاووڵاتییان.


