پەرلەمانتارێكی یەكێتی داوا دەكات پیتە كوردییەكان لە سیستمی ئەلیكترۆنیی عیراقدا جێگیر بكرێن
١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە رەسمی داوا لە وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەكە دەكات بۆ كۆتاییهێنان بە شێواندنی ناوە كوردییەكان لە بەڵگەنامەكاندا پیتە كوردییەكان لە سیستەمی ئەلیكترۆنیدا جێگیربكرێن.
لە پێناوی پاراستنی ناسنامە و فەرهەنگی نەتەوەیی كوردی و بە پشتبەستن بە ماددەی چواری دەستووری عیراق كە رێگە بە بەكارهێنانی زمانی كوردی دەدات لە سەرجەم دامودەزگا رەسمی و یاساییەكانی دەوڵەتەدا، پۆڵا شەهید سیروان، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە نوسراوێكی رەسمی داوای لە وەزارەتی ناوخۆی عیراق كرد، پیتە كوردییەكانی وەك (پ، چ، ژ، گ) لە سیستمی ئەلیكترۆنیی دەوڵەتدا جێگیر بكات، بەتایبەتیش بۆ ناوچەكانی سنووری ماددەی 140.
پۆڵا شەهید سیروان لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوە كرد، دەستپێشخەرییەكەی هەنگاوێكی مێژووییە بۆ كۆتاییهێنان بە شێواندنی ناوە كوردییە لە بەڵگەنامە رەسمییە گرنگەكانی وەك كارتی نیشتمانی، پاسپۆرت، كارتی زانیاری و فۆڕمی خۆراك.
وتیشی، داواكارییەكەی لە ئێستادا لەلایەن بریكاری وەزارەتی ناوخۆی عیراقەوە ئاڕاستەی بەشی یاسایی وەزارەتەكە كراوە بەمەبەستی جێبەجێكردنی.



