ئەنجومەنی وەزیران جەخت لەسەر جێبەجێکردنی رێژەی %14.14ـی سەرژمێری بۆ پشکی هەرێم دەکاتەوە
محەمەد رزگار
١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات کە پابەندبێت بە رێژەی %14.14ـی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان کە ئەنجامی رەسمی و راست و پەسەندکراوی سەرژمێری 2024ـە.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسای خۆی ئەنجامدا و چەند تاوەرێکی تاوتوێکرد، فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، دیاریکردنی رێژەی راستەقینەی دانیشتوان جگە لە دیاریکردنی پشکی بودجە، کاریگەریی لەسەر ئاستی نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی و سیاسیی هەرێم لە بەغداد هەیە؛ هاوکات وەزارەتەکانی پلاندانان، داد و دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی راسپارد ڕێکاری یاسایی بگرنەبەر بۆ راستکردنەوەی ئەم ڕێژەیە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا پڕۆژەیاسای بودجەی 2027تاوتوێ کرا و جەخت کرایەوە لەسەر ئەوەی پێویستە رەشنووسی بودجەی 2027 لەسەر بنەمای دەستور بێت و ناکۆکییە سیاسی و نەوتییەکان نەبنە هۆی پەکخستن یان دواخستنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، هەروەها داوا لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان کرا یەکگرتوو بڕیار بدەن.
هەر لەکۆبوونەوەکەدا، بەپێی راپۆرتی وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، بڕیاردرا ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027 لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا دەستپێبکات، هاوکات ئامادەکارییەکان بۆ بەشداری لە هەڵسەنگاندنی نێودەوڵەتیی PISA بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن تاوتوێ کران.


