مۆحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، تاوەکو مەرجەکانی ئێران جێبەجێ نەکرێن، هیچ دانوستانێک لەگەڵ واشنتۆن ناکرێت.

رەزایی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" وەڵامی سەرۆکی ئەمریکای دایەوە و هۆشداری دا لە سەرگەرمبوون بە دژایەتیی ئاماژەکانی ترەمپ کە لە نێوان رەتکردنەوەی دانوستان و ئامادەیی بۆ دیالۆگدا دەهات و دەچوو.

رەزایی جەختی لەسەر گۆڕانی هاوکێشەکانی پەیوەست بە نەوت و گەروەکان کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە سەرگەردانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی لێکەوتەکان رێگری لە روداوەکانی داهاتوو ناکات، هەروەها دووپاتی کردەوە کە بێ جێبەجێکردنی مەرجەکانی ئێران هیچ دانوستانێک لە ئارادا نییە.

ئەم وەڵامەی ئێران دوای ئەوە هات کە دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو ئێران دەستبەجێ و بەپەلە دەیەوێت رێککەوتن لەگەڵ واشنتۆن ئیمزا بکات، ئاماژەی بەوەش کردبوو کە خۆی بڕیار دەدات ئایا ئەمریکا بەشداری لەو دانوستانانەدا دەکات یاخود نا.