بە سەرکەوتوی 30 بزمار لە گەدەی نەخۆشێکدا دەرهێندرا
بڵند
١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
لەپێشهاتێکی نوێ و دەگمەنەدا، پزیشکانی کابوڵ، توانیان بە سەرکەوتوی چارەخوازێک رزگاربکەن و 30 بزمار بەبێ نەشتەرگەری کراوە لە گەدەیدا دەربهێنن.
میدیاکانی ئەفغانستان بڵاویانکردوەتەوە، تیمێکی پزیشکی لە نەخۆشخانەی سەردار محەمەد داود خان، لە رێگەی نەشتەرگەرییەکی بجوکەوە توانیویانە 30 بزمار لە گەدەی نەخۆشێکدا دەربهێنن.
لێپرسراوانی نەخۆشخانەکە ئاماژەیان بەوەکردوە، نەخۆشەکە بزمارەکانی قوتداوە و دوای تێکچونی رەوشی تەندروستی چارەسەری پیویستی بۆ ئەنجامدراوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، چارەخوازەکە تەندروستی جێگیرە، بەڵام تا ئێستا هیچ وردەکارییەکی زیاتر سەبارەت بە پاڵنەرەکەی نەخۆشەکە و چۆنیەتی قووتدانی بزمارەکان بڵاونەکراوەتەوە.



