عیراق لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی لەسەر هێرشەكەی سەر سعودیە پێكهێنا
سەوسەن سەید
١٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
بەهۆی هێرشەكەی سەر سعودیە، فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكان و فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای میسان لە پۆستەكانیان دوورخرانەوە و بەڕێوەبەری هەواڵگری ئاسایشی پارێزگاكەش رەوانەی لێكۆڵینەوە كران.
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق رایگەیاند: دوای لێكۆڵینەوە دەركەوتووە هێرشە درۆنییەكەی سەر بۆری نەوتی رۆژهەڵات_ رۆژئاوای سعودیە لە سنوری پارێزگای میسانەوە ئەنجامدراوە، هەربۆیە فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكان و فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای میسان لە پۆستەكانیان دوورخراونەتەوە و بەڕێوەبەری هەواڵگری ئاسایشی پارێزگاكەش رەوانەی لێكۆڵینەوە كراوە.
وتیشی: بە فەرمانی سەرۆك وەزیران، عەلی عەبدولحوسێن كازمی وەك فەرماندەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی میسان دەستنیشانكراوە، هەروەها سەرۆك وەزیران داواكارییەكی ئێرانی بۆ ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی هاوبەش لە دۆزینەوەی سەكۆی هەڵدانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە نزیك سنووری عیراق و ئێران پەسەند كردووە.
سەباح نوعمان پێزانینی عیراقی بۆ سعودیە نیشاندا كە وەڵامی ئەو هێرشەی نەداوەتەوەو داوایكرد چیتر خاك و ئاسمانی عیراق بۆ هێرشكردنەسەر وڵاتان بەكارنەهێنرێت.


