دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عیراق ئاشکرای کرد کە ئەو رێکارانەی لە دەروازە سنوورییەکانی هاوبەش لەگەڵ ئێران گیراونەتە بەر، رێکاری کاتیین و ئامانجیان رێکخستنەوەی کارەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەییە لە ناو هەندێک لە دەروازەکاندا.

عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان رایگەیاند: هاتوچۆ لەگەڵ لایەنی ئێرانی لە هەردوو دەروازەی زڕباتییە و مەنزرییە بەردەوامە و نەڕاوەستاوە.

ئەم روونکردنەوەیەی بەغداد لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ئێرانی و میدیا رەسمییەکانی ئەو وڵاتە رایانگەیاندبوو لەسەر بڕیاری حکومەتی عیراق، بەیانی ئەمڕۆ شەممە هاتوچۆ لە هەردوو دەروازەی نێودەوڵەتیی شەلەمچە و چەزابە راگیرا.

بەپێی راگەیەندراوی تەلەڤزیۆنی رەسمیی ئێران: دواتر دەروازەی چەزابە تەنها بۆ گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتییە عیراقییانە کراوەتەوە کە بەنیازی گەڕانەوە بوون بۆ وڵاتەکەیان.