هاوپەیمانی "کەرکوک هێز و ئیرادەمانە" لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا جەختی لە گرنگیی پاراستنی تەبایی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتەکانی شارەکە کردەوە.

هاوپەیمانیکە ئاماژەی بەوە داوە: کەرکوک هەمیشە نموونەی برایەتی بووە و روونی کردەوە کە سەرۆک مام جەلال  بەم رۆحیەتە کەرکوکی بە (چەپکە گوڵ) وەسف کردووە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: جیاوازییەکان و ئاڵۆزییەکان ؛ە لە راگەیاندنەکان باسدەکرێت خزمەت بە شاری کەرکوک ناکەن و دەبێت سەرجەم جیاوازییەکانی بۆچوون لە رێگەی چوارچێوە یاسایی و دامەزراوەییەکانەوە چارەسەر بکرێن.

هاوکات هاوپەیمانی "کەرکوک هێز و ئیرادەمانە" پشتیوانی خۆی بۆ پارێزگاری کەرکووک، محەمەد سەمعان ئاغا، دووپات کردەوە بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی بەپێی یاسا، بە ئامانجی پاراستنی سەقامگیریی حکومەتی خۆجێیی و خزمەتکردنی هاووڵاتییان.

لە کۆتاییشدا داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد هەڵمەتە راگەیاندنییەکان رابگرن و دیالۆگ و دامەزراوەکان بکەنە بنەما بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.