ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە رێککەوتنی کۆتایی بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا لەگەڵ بەغداد نزیکن و دواکەوتنی جێبەجێکردنەکە زیانی زۆر بە هەرێم گەیاندوە.

ئامانج رەحیم رایگەیاندوە، دوای بەشدارییکردنی لە کۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ لە بەغداد، لە رێککەوتنی کۆتایی بۆ جێبەجێکردنی سیستمەکە نزیکبونەتەوە، تەنها یەک خاڵی سەرەکی ماوە، یەکلای بکرێتەوە، کە چۆنێتی دابەشکردنی داهاتی دەروازە سنورییەکانی هەرێمە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، لە کۆبونەوەکەدا یاداشتێکی دەستوری، یاسایی و دارایی سەبارەت بە جێبەجێکردنی سیستەمی دیجیتاڵیی ئەسیکۆدا لە دەروازە سنورییەکانی هەرێم پێشکەش کرا، کە تێیدا رونکرایەوە حکومەتی هەرێم بڕیاری جێبەجێکردنی ئەم سیستەمەی داوە.

جێبەجێکردنی سیستمەکە رێگە دەدات هەردوولا دان بە بەڵگەنامە رەسمییەکانی یەکتردا بنێن، لە کاتێکدا تایبەتمەندییە دەستوری و کارگێڕییەکانی هەرێمی کوردستان بپارێزرێن.

جەختیشیکردوەتەوە، دواکەوتنی سیستەمەکە زیانی گەورەی بە داهاتی هەرێم گەیاندووە؛ بە جۆرێک داهاتی دەروازەکانی هەرێم 78٪ دابەزیوە، لە کاتێکدا داهاتی گومرگی فیدڕاڵی بەهۆی سیستمەکەوە 114٪ زیادی کردووە، ئەمەش بوەتە هۆی ئەوەی هەرێم نەتوانێت مانگانە 120 ملایر لە داهاتی ناوخۆ کۆبکاتەوە.