جەمیل بایك رایگەیاند یەك لایەن بەتەنها ناتوانێت یاسای چوارچێوە جێبەجێ بكات، جەختیش دەكاتەوە لەوەی پرۆسەی ئاشتی تەنها چەكدانان نییە.

جەمیل بایك هاوسەرۆكی كۆنسەی بەرێوەبەری كەجەكە لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات رایگەیاند، یاسای چوارچێوە تەنها بەیەك لایەن جێبەجێ ناكرێت، بەڵكو دەبێت لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستاندنی نێوان دەوڵەت، ئیمراڵی و كەجەكەوە بچێتە بواری پراكتیكەوە.

وتیشی: ئێمە چەكدانان و بەشداریكردن لە ژیانی سیاسیی دیموكراتیدا قبوڵ دەكەین ، بەڵام شێوازی پێكهاتن و جێبەجێكردنی یاساكەش زۆر گرنگە.

رونیشیكردەوە،  پرۆسەی ئاشتی تەنیا چەكدانان نییە، بەڵكو هەڵگرتنی هەنگاوی دیموكراتییە بۆ ئەوەی ئەم دانانی چەكە بەدی بهێنێت.

لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا جەمیل بایك رایگەیاند، بە دەرچوونی یاسای چوارچێوە دەسەڵاتداری سیاسی توركیا كەوتە بەردەم بەرپرسیارێتی چارەسەركردنی پرسی كورد و دیموكراتیزەبوون ، تەنیا دیموكراتیزەبوونیش دەتوانێت پرسی كورد چارەسەر بكات، بەپێی یاسای چوارچێوەش دەسەڵاتداری توركیا بەشێوازێكی ناڕاستەوخۆ ئەمەی قبوڵ كردووە.

جەختیشیكردەوە لەوەی، دەبێت لایەنی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی توركیا بەشداری بكەن لە دیموكراتیبوونی توركیا و چارەسەركردنی پرسی كورد.