بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سەرتاشەکان لە دیاریکردنی کاتی کارکردن رۆژی شەممە لە سلێمانی بە چاودێری لایەنە پەیوەندیدارەکان دەنگدان دەکرێت و بڕیار لەسەر چۆنێتی کارکردنیان دەدرێت.

لقی سلێمانیی یەکێتیی سەندیکاکانی کوردستان، بە سەرپەرشتیی دەرون رزگار سەرۆکی لقی سلێمانی، دوای گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لەگەڵ سەرتاشەکانی سلێمانی و دەوروبەری، بڕیاریدا بە زوویترین کات و لە رێگەی پرۆسەیەکی دیموکراتییەوە لیژنەیەکی تایبەت بە سەرتاشخانەکان دروست بکات.

 بۆ ئەم مەبەستەش، بڕیار دراوە رۆژی شەممە رێککەوتی 5ـی ئەیلولی 2026 هەڵبژاردنەکە لە ناو هۆڵی لقی سلێمانیی سەندیکای کرێکاران (تەنیشت نەخۆشخانەی سەفین) ئەنجام بدرێت؛ پرۆسەکە لە سەعات 8ی بەیانی دەستپێدەکات و تا سەعات 7ی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

لە رێنماییەکانی پەیوەست بە پرۆسەکشدا هاتووە، سەرجەم ئەو سەرتاشخانانەی کە ناسنامەی تەندروستی یان مۆڵەتی کارکردنیان هەیە دەتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن، بەڵام هیچ ناسنامەیەکی نوێ، کە دوای 2ی ئەیلولی 2026 بێت کاری پێناکرێت. 

هەروەها نوێنەرانی لایەنە پەیوەندیدارەکان چاودێریی پرۆسەکە دەکەن و دەنگی زۆرینەش دوای پەسەندکردنی لەلایەن قایمقامیەتی سلێمانییەوە دەستبەجێ کاری پێدەکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە لە ماوەکانی رابردودا، سەرتاشەکانی سلێمانی و دەوروبەری بەهۆ رێکنەکوتن لەسەر چۆنێتی کارکردن و داخستنی دوکانەکانیان چەند جارێک کۆنفراسی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا، بەڵام نەگەیشتنە ئەنجام.