دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عیراق رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، چەند بنکەیەکی سەر بە کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمیان لە بەغداد داخستووە.

لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ئەم رێکارانە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەیە کە پێشتر لە بەرانبەر کۆمپانیاکە دەرچوون و مەبەستیش لێیان راگرتنی کارەکانی کۆمپانیاکەیە بەپێی یاسا.

ئەوەشی روونکردووەتەوە، پرۆسەی داخستنەکە سێ بنکەی فرۆشتن و بنکەیەکی سەرەکی کۆمپانیاکەی لە ناوچەی 'جادرییە' دەگرێتەوە.

دەستەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە، بەردەوام دەبن لە گرتنەبەری رێوشوێنە یاساییەکان بۆ پاراستنی مافی دەوڵەت و بەرژەوەندی گشتی و مافی بەکارهێنەرانی خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندی.