سەندیکای هونەرمەندان داواکارییەک ئاڕاستەی تەواوی دەزگا راگەیەندنەکانی کوردستان دەکات و رایگەیاند: چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو هونەرمەندانەدا مەکەن کە رەوشی تەندروستییان جێگیر نییە.

سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان نووسراوێکی رەسمی بڵاوکردەوە و تێیدا، داوا لە سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندن دەکات، چیتر چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو هونەرمەندانە ئەنجام نەدەن کە بەهۆی نەخۆشی یان هەڵکشانی تەمەنەوە باری تەندروستییان تێکچووە و ناتوانن کۆنتڕۆڵی قسە و رەفتارەکانیان بکەن.

ئاماژەی بەوەش کردووە، بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە چاوپێکەوتنانە لە سۆشیال میدیا دەبێتە هۆی شکاندنی شکۆی هونەرمەندان و دروستکردنی کاردانەوەی نەرێنی، هەرچەندە مەبەستی هەندێک لە میدیاکان گەیاندنی داواکاری و هاوکاری بێت بۆیان.

جەختی لەوەش کردووەتەوە، پێویستە رێز لە مێژووی هونەریی ئەو کەسایەتییانە بگیرێت و لەجیاتی پیشاندانیان لە رەوشێکی نەخوازراودا، پارێزگاری لە کەسایەتی و شکۆیان بکرێت.