سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی بە هاوەڵی تیمی ئەندازیاری و لێپرسراوانی پەیوەندیدار، بەدواداچوونی مەیدانی بۆ زنجیرەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ژێرخانی شاری سلێمانی ئەنجامدا.

ئامانجی سەردانەکە هەڵسەنگاندنی ئاستی پێشکەوتنی کارەکان، ناسینەوەی کۆسپەکان و جەختکردنەوە بوو لەسەر خێراکردنی رەوتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان بە کوالێتییەکی بەرز.

گرنگترین ئەو پڕۆژانەی بەسەرکرانەوە:

شەقامی شارباژێڕ و هەواری شار: هەڵسەنگاندن بۆ قیرتاوکردنەوەی دووسایدی شەقامی شارباژێڕ، فراوانکردنی شەقامی هەواری شار و چارەسەری کێشەی یوتێرنەکەی، و فراوانکردنی شەقامی 110 مەتری.

یەکتربڕی هۆتێل تایتانیک: پێداچوونەوە بە دیزاینی یەکتربڕەکە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا جێبەجێ دەکرێت بۆ ئاسانکاریی هاتووچۆ لەسەر شەقامی مەلیک مەحمود و بەستنەوەی گەڕەکی تویمەلیک بە چاڤیلاند.

پردی پەڕینەوە: بەدواداچوون بۆ دروستکردنی پردی پەڕینەوەی کارەبایی پیادەڕەو لە بەردەم دادگای سلێمانی.

شەقامی 100 مەتری: پێداچوونەوە بە قۆناغەکانی کارکردن لە رۆدەکانی (2، 4، 6) کە شەقامی 100 مەتری بە ناوەند و ناو شاری سلێمانییەوە دەبەستنەوە و لابردنی کۆسپەکانی بەردەمیان.

گەڕەکی چوارچرا: بەدواداچوون بۆ پڕۆژەی کۆنکرێتکردن و کربستۆنکردنی بەشێک لە کۆڵانەکانی بیستەکانی چوارچرا.