نزار ئامێدی، سەرۆك كۆماری عیراق لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی "الحدث" رایگەیاند، هیچ بژاردەیەك لە بەردەم یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستاندا نییە، جگە لە رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی حكومەتێك كە تێیدا هاوبەشی راستەقینە بن.

لە چاوپێكەوتنەكەدا ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە لە هەرێمی كوردستان یاسای بوودجە دەربكرێت و پەرلەمان كارابكرێتەوە و رۆڵی چاودێری خۆی بگێڕێت و چاودێری كاروبارەكانی حكومەت و ئەو شایستە داراییانە بكات لە چوارچێوەی یاسای بودجە بۆ حكومەتی هەرێم دەچێت.

سەرۆك كۆمار ئاماژەی بەوەشدا، پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم بە هاوبەشی راستەقینە لەنێوان یەكێتی و پارتی، كلیلی چارەسەری كێشەكانی نێوان عیراق و هەرێمە.

هەروەها  دووپاتیكردەوە، پێویستە پەیوەندییەكانی نێوان عیراق و هەرێم لەسەر بنەمای دەستوور پەرەی پێ بدرێت.