دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە بیڵ بۆڵت، بەڕێوەبەری بەوەکالەتی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی، خاوەنی دەسەڵاتێکی بەرفراوانە بۆ لادانی پارێزبەندی لەسەر کۆمەڵێک دۆسیەی گرنگ، لە نێویاندا ئەو بەڵگەنامانەی کە تایبەتن بە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020. 

ترەمپ لە کاتی بەجێهێشتنی بنکەی سەربازیی ئەندرۆس بەرەو ویلایەتی باکووری داکۆتا، بە میدیاکانی راگەیاند: بیڵ بۆ ماوەیەکی کورت لەوێ دەبێت، رەنگە مانگێک یان دوو مانگ. بەڵام من پێم وتووە مادام لەو شوێنەیە، دەتوانێت سیفەتی نهێنی لەسەر هەر دۆسیەیەک لابدات کە خۆی بیەوێت.

جێی وەبیرهێنانەوەیە، مانگی رابردوو، ترەمپ، بیڵ بۆڵتی وەک بەڕێوەبەری بەوەکالەتی هەواڵگری نیشتمانی دەستنیشان کرد، کە وەک بەرزکردنەوەی پۆستی هاوپەیمانێکی نزیکی لێکدرایەوە کە خاوەنی چەندین ساڵ ئەزمون نییە لە بواری ئاسایشی نیشتمانیدا.

دوای ئەو شەپۆلە رەخنەیەی کە رووبەڕووی ئەم بڕیارە بووەوە، ترەمپ، جای کلایتۆن (داواکاری گشتیی مانهاتن)ی بۆ وەرگرتنی هەمیشەیی پۆستەکە کاندید کرد، بەڵام دواتر بە شێوەیەکی کتوپڕ دانیشتنی پەسەندکردنی پۆستەکەی لە کۆنگرێس دواخست، ئەمەش وەک کارتێکی گوشار دژی دیموکراتەکان بۆ ناچارکردنی کۆنگرێس بە پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای توندکردنەوەی ڕێکارەکانی ناسنامەی دەنگدەران.