فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق راگەیەندراوێکی  بڵاوکردەوە و تێیدا داوای لە حکومەت دەکات، بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشی لە کردنەوەی دۆسیە گەورەکانی گەندەڵی نەکات.

لە راگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا هاتووە؛  گەندەڵی بۆ چەندین ساڵە وەک ئافاتێک جەستەی دەوڵەتی لاواز کردووە و بووەتە گەورەترین ئاڵنگاری بەردەم سیستمی سیاسی، بە جۆرێک لە رابردوودا دروشم و پلانەکانی دژەگەندەڵی تەنها وەک پەردەیەک بۆ دزینی زیاتری ماڵی گشتی بەکارهاتوون بەبێ ئەوەی هیچ ئەنجامێکی راستەقینەیان هەبێت.

ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رونیکردەوە، کە بڕیاری مێژوویی ئەنجومەنی نوێنەران لە رۆژی یەکشەممە (28ـی6ـی2026) بۆ لادانی پارێزبەندی لەسەر ژمارەیەک لە ئەندامانی، سەرەتای قۆناغێکی نوێیە کە دەرفەتی بە دەسەڵاتی دادوەری داوە پرۆسەیەکی بوێرانە بۆ راوەدونانی گەندەڵکاران دەستپێبکات.

 بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجومەنی نوێنەران حکومەت پابەند دەکات، کە بە خشتەیەکی کاتیی دیاریکراو، گرنگترین دۆسیەکان بورووژێنێت؛ لەوانەش: دۆسیەی گەندەڵی باج (بەتایبەت دزینی سەدەی)، کەرتی وزە و گرێبەستە تریلیۆنییەکانی کارەبا، فەوزای مۆڵەتەکانی وەبەرهێنان، تێچووی زیادەکراوی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و ئاوەدانکردنەوە، کەرتی تەندروستی و هاوردەی دەرمان، گرێبەستەکانی کەرتی گواستنەوە و هێڵی ئاسن، لەگەڵ گرێبەستە وەهمییەکانی پڕچەککردن لە وەزارەتەکانی بەرگریی و ناوخۆ.

له‌ کۆتاییدا، ئەنجومەنی نوێنەران جەختی کردەوەتەوە، لە رێگەی لێژنە تایبەتمەندەکانییەوە، تەواوی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستیدان پێشکەشی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دژەگەندەڵی دەکات.

هەروەها بڕیاردراوە لێژنەیەکی تایبەت بۆ چاودێری و بەدواداچوونی رێکارەکان پێکبهێنرێت، بە ئامانجی زامنکردنی گێڕانەوەی پارە دزراوەکان بۆ گەنجینەی دەوڵەت و بەکارهێنانی تەواوی دەسەڵاتە یاسایی و چاودێرییەکان بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی لە ئێستا و داهاتوودا.