ناتانیاهو: شەڕمان لەگەڵ ئێران کۆتایی نەهاتووە و دەبێت پشت بە خۆمان ببەستین
محەمەد رزگار
٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی گورزێکی توندی لە تاران و بریکارەکانی لە ناوچەکەدا وەشاندووە، بەڵام جەختیشی کردەوە کە هێشتا شەڕ کۆتایی نەهاتووە و پێویستە ئیسرائیل لە رووی سەربازییەوە سەربەخۆ بێت و پشتبەستن بە ئەمریکا کەم بکاتەوە.
بنیامین نەتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ خوێندکارانی خولی ئەفسەرانی یەدەگی وڵاتەکەی رایگەیاند: "ئێمە گورزێکی کوشندەمان لە ئێران و هاوپەیمانەکانی داوە، بەڵام پێویستە هەمووان بزانن کە پرۆسەکە هێشتا بەردەوامە و شەڕ بە تەواوی کۆتایی نەهاتووە."
لەکاتێکدا گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تەلئەبیب لەسەر پرسی لێکتێگەیشتنەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران و رەوشی لوبنان بەردەوامە، ناتانیاهو ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆشکی سپی کرد و وتی: "من رێز و پێزانینی زۆرم هەیە بۆ ئەو هاوکاری و پاڵپشتییانەی کە لەلایەن هاوڕێ ئەمریکییەکانمانەوە پێشکەش بە ئیسرائیل کراون، بەڵام کاتی ئەوە هاتووە خۆمان لە پشتبەستن بەوان رزگار بکەین."
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەسەر ستراتیژییەکی نوێی سەربازی کردەوە و ئاشکرایکرد: "ئێمە پێویستمان بە بنیاتنانی سیستمێکی پڕچەککردنی سەربەخۆ و تایبەت بە خۆمان هەیە، و دەبێت سەرجەم پێداویستییە سەربازییەکانمان لە ناوخۆدا بەرهەم بهێنین تا چیتر پاشکۆی لایەنی دەرەکی نەبین."



