كەسایەتییەكی نزیك لە ئاكەپە: لە وەرزی پاییزی داهاتودا دەمیرتاش ئازاد دەكرێت
هادی
٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
كەسایەتییەكی نزیك لە ئاكەپە ئاشكرای دەكات، لە وەرزی پاییزی داهاتوودا سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازاد دەكرێت.
ماڵپەڕی جمهوریەت بڵاویكردووەتەوە، فاتیح عاتیك كەسایەتی نزیك لە پارتی داد و گەشەپێدان "ئاكەپە" رایگەیاندووە، یەكێك لەو بابەتانەی ئێستا لە توركیا بە گەرمی گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، ئازادكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان "هەدەپە"یە و چاوەڕوان دەكرێت لە وەرزی پاییزی داهاتوودا ئازاد بكرێت.
رۆژی هەینی رابردووش نەجدەت ساراش ئەندامی تیمی رۆژنامەوانی كەمال كڵیچدارئۆغڵو سەرۆكی گشتیی پارتی گەلی كۆماریی "جەهەپە" ئاشكرایكرد، بەمنزیكانەی كڵیچدارئۆغڵو سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە دەكات لە زیندانی ئەدیرنە.
دەمیرتاش لە چواری تشرینی دووەمی ساڵی 2016ەوە زیندانیكراوە، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپاش چەندین جار بڕیاری ئازادكردنی داوە، بەڵام توركیا تائێستا بڕیارەكەی جێبەجێ نەكردووە.



