ناتانیاهۆ: لە ناوچە ئەمنییەکانی لوبنان و سوریا و غەززە دەمێنینەوە
محەمەد رزگار
٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ستراتیژی سەربازی و ئەمنیی داهاتووی وڵاتەکەی لەسەر ئاستی ناوچەکە ئاشکرا دەکات و هێڵە سورەکانی تەلئەبیب بەرانبەر تاران و بەرەکانی شەڕ دیاری دەکات.
ناتانیاهۆ رایگەیاند: "سوپای ئیسرائیل لە تەواوی ئەو ناوچە ئەمنییانەدا دەمێنێتەوە کە لە لوبنان، سوریا و کەرتی غەززە دەستنیشانکراون".
سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی ئێرانیش، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پەیامێکی بڕیاردەرانەی ئاڕاستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد و وتی: "بەڵێن دەدەم تا ئەو کاتەی من وەک سەرۆک وەزیران لە پۆستەکەمدا بمێنمەوە، نەهێڵم ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی؛ ئەمەش بەدەر لەوەی کە ئایا لە دانوستانەکاندا دەگەنە رێککەوتن یان نا".
لەلایەکی ترەوە، ناتانیاهۆ ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ چارەسەری سیاسی لەگەڵ بەیرووت نیشاندا، بەڵام بە مەرج و رایگەیاند: "ئێمە کاتێک رێککەوتن لەگەڵ لوبنان ئیمزا دەکەین، کە بە تەواوی لە هەڕەشەکانی حزبوڵا رزگارمان بووبێت، و من بە پەرۆشەوە دەڕوانمە هاتنەدی ئەو کاتە".
ئەم لێدوانە هەمەلایەنانەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کاتێکدایە، کە دانوستانە راستەوخۆکانی نێوان واشنتۆن و تاران لە سویسرا، بەهۆی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ و پێداگری ئێران لەسەر راگرتنی شەڕی لوبنان، تووشی پەککەوتن و راگرتنی کاتی بووەتەوە.



